وەزارەتی بەرگریی سووریا: ئاگربەست چووە واری جێبەجێکردنەوە
وەزارەتی بەرگریی سووریا، وەک جێبەجێکردنی ڕێککەوتنە نوێیەکەی نێوان دیمەشق و هەسەدە بە فەرمی ڕاگرتنی تەواوەتیی شەڕ و ئاگربەستی لەسەرجەم بەرەکان ڕاگەیاند، هاوکات ڕاسپاردەی ئاراستەی هێزەکانی سوپا کرد کە پارێزگاری لە سەروماڵی هاووڵاتیان بکەن.
یەکشەممە، 18ـی کانوونی دووەمی 2026، وەزارەتی بەرگریی سووریا، لە راگەیەنراوێکدا، وردەکاریی رێکارە سەربازییەکانی دوای ڕێککەوتنەکەی سەرۆکایەتیی کۆمار و هێزەکانی سووریای دیموکراتی بڵاوکردەوە.
وەزارەتەکە ڕایگەیاند: لەسەر بنەمای ئەو رێککەوتنەی ئەحمەد شەرع لەگەڵ مەزڵووم عەبدی ئەنجامی داوە، ڕادەگەیەنین کە ئاگربەست لەسەرجەم بەرەکان و ڕاگرتنی گشتگیری کردەوە سەربازی و جەنگییەکان لە ناوچە جیاوازەکانی پێکدادان چووەتە واری جێبەجێکردنەوە.
وەزارەتی بەرگری ئاماژەی بەوەش داوە، کە ئامانجی ئەم هەنگاوە بریتییە لە "ئامادەکاری بۆ کردنەوەی ڕێڕەوی ئارام بە مەبەستی گەڕانەوەی دانیشتووان بۆ ناوچەکانیان، هەروەها زەمینەخۆشکردن بۆ گەڕانەوەی دامەزراوەکانی دەوڵەت بۆ ڕاپەڕاندنی ئەرکەکانیان لە خزمەتکردنی هاووڵاتیاندا.
لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەنراوەکەدا، وەزارەتی بەرگری ڕاسپاردەی ئاراستەی هێزە چەکدارەکان کردووە و دەڵێت: "ڕاسپاردەی پیاوانی سوپای عەرەبیی سووریا دەکەین کە لە ئاستێکی بەرز و نموونەیی متمانە و بەرپرسیارێتیدا بن، بەتایبەتی لە ئەرکی پاراستنی هاووڵاتییان و پارێزگاریکردن لە ماڵ و موڵکیان، و هەروەها پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی وڵات."