سەرۆکی سووریا: سوپاسی سەرۆک بارزانی، ترەمپ و سەرکردەکانی جیهان دەکەم بۆ ڕۆڵیان لە ڕێککەوتنەکە

سەرۆکی سووریا لە دوای واژۆکردنی ڕێککەوتن لەگەڵ هەسەدە، ڕۆڵی سەرۆک بارزانی و دۆناڵد ترەمپ بەرز دەنرخێنێت و ڕایدەگەیەنێت، ئەو سەرکردانە بە پەرۆشەوە لەگەڵیان لە پەیوەندیدا بوون بۆ ئەوەی سووریا لە دابەشبوون ڕزگاری ببێت و بەرەو سەقامگیری بڕوات.

یەکشەممە 18ی کانوونی دووەمی 2026، ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریا لە میانی کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەیدا بۆ ڕاگەیاندنی ڕێککەوتن لەگەڵ هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)، ستایشی ڕۆڵی سەرکردەکانی جیهان و ناوچەکەی کرد و بەتایبەت سەرۆک بارزانی، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا.

شەرع ڕایگەیاند کە لە ڕۆژانی ڕابردوودا زۆرێک لە وڵاتانی جیهان بە بایەخێکی زۆرەوە لە پرسەکان و ڕووداوەکانی سووریایان کۆڵیوەتەوە و بەشدارییان لە پرۆسەکەدا کردووە.

سەرۆکی سووریا لە پەیامەکەیدا گوتی: سەرۆک بارزانی یەکێک بوو لەو کەسایەتییانەی ڕۆڵی هەبووە.

هاوکات شەرع سوپاسی ژمارەیەک سەرکردەی دیکەی جیهانی کرد کە ڕۆڵی کاریگەریان هەبووە لە گەیشتن بەم ڕێککەوتنە و پەیوەندییان لەگەڵدا هەبووە، لەوانە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و جەی دی ڤانس جێگرەکەی، تۆم بەڕاک، باڵیۆزی نوێنەری ئەمریکا لە سووریا، ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا کە پەیوەندیی بەردەوامی هەبووە و سەرکردەکانی وڵاتانی تورکیا، ئوردن، سعوودیە و قەتەر.

ئەحمەد شەرع جەختی کردەوە کە هەموو ئەو لایەنانە بە پەرۆشەوە چاودێری دۆخەکەیان کردووە و پشتیوان بوون بۆ ئەوەی سووریا لە دۆخی دابەشبوونەوە بەرەو یەکگرتوویی و سەقامگیری بڕوات.

سەرۆکی سووریا، گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی نوێی لەگەڵ هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) ڕاگەیاند. ئامانجی سەرەکیی ئەم ڕێککەوتنە بریتییە؛ لە ڕاگەیاندنی ئاگربەست، بەهێزکردنەوەی دەسەڵاتی دەوڵەت لە ناوچەکانی ڕۆژهەڵات و باکووری ڕۆژهەڵاتی وڵات، و چەسپاندنی ئاسایش و سەقامگیری لە ناوچەکانی ململانێدا.