یەکەم کاردانەوەی ئەنقەرە لە بارەی ڕێککەوتنی دیمەشق و هەسەدە
وەزارەتی دەرەوەی تورکیا، لە یەکەم کاردانەوەی فەرمیدا بەرانبەر بە ڕێککەوتنی دیمەشق و هەسەدە ڕایگەیاند: وڵاتەکەی پشتیوانی لە هەوڵەکانی حکوومەتی سووریا دەکات بۆ بونیادنانەوە و ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر، بەو مەرجەی ڕێککەوتنەکە زامنکەری یەکپارچەیی خاکی سووریا بێت.
یەکشەممە، 18ـی کانوونی دووەمی 2026، وەزارەتی دەرەوەی تورکیا، لە ڕاگەیەنراوێکدا هەڵوێستی فەرمیی وڵاتەکەی سەبارەت بە ڕێککەوتنی هەسەدە و دیمەشق.
وەزارەتەکە ڕایگەیاندووە: سووریا ئێستا بە قۆناغێکی یەکلاکەرەوە و هەستیاردا تێدەپەڕێت. جەختیشی کردەوە کە ئەنقەرە پشتیوانی لە هەوڵەکانی حکوومەتی سووریا دەکات لە پرۆسەی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و دەستپێشخەرییەکانی ئاوەدانکردنەوەی وڵات.
لە ڕاگەیەنراوەکەدا هاتووە، هیوادارین ئەو ڕێککەوتنەی ئەمڕۆ لە لایەن ئەحمەد شەرعەوە ڕاگەیەندرا بۆ ئاگربەست و تێکەڵبوونەوەی تەواوەتیی هێزەکان، ببێتە هۆی خێراکردنی هەوڵەکان بۆ چەسپاندنی سەقامگیری و ئاسایش لەسەر بنەمای یەکپارچەیی خاک و سەروەریی سووریا.
هەروەها ئاماژەی بەوە کردووە کە هیوایان وایە ئەم ڕێککەوتنە بەشدار بێت لە بەهێزکردنی ئاسایشی گەلی سووریا و تەواوی ناوچەکە، بە تایبەتی بۆ وڵاتانی دراوسێ.
لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەنراوەکەدا هاتووە، هیوادارین هەموو لایەن و پێکهاتەکان ئەوەیان بۆ ڕوون بێت کە داهاتووی سووریا لە تیرۆر و دابەشبووندا نییە، بەڵکو لە یەکڕیزیدایە.
وەزارەتی دەرەوەی تورکیا دووپاتی کردووەتەوە کە، بەردەوام دەبێت لە پشتیوانیکردنی هەوڵەکانی حکوومەتی سووریا لە دژایەتیکردنی تیرۆر و پرۆسەی ئاوەدانکردنەوە، کە دەبێت بە شێوەیەکی گشتگیر و یەکگرتوو و لەسەر بنەمای ڕەزامەندیی گەل جێبەجێ بکرێت.