به‌های دۆلار گه‌یشته‌ 130 هه‌زار

حکومەتی فیدراڵ بە پلان دەیەوێت بەهای دینار بەرامبەر دۆلار دابەزێت

دۆلار به‌رزبووه‌ته‌وه‌
دۆلار به‌رزبووه‌ته‌وه‌

K24 - هه‌ولێر:

به‌های دۆلار له‌ بازاڕه‌كانی هه‌رێمی كوردستان و عێراق، به‌ شێوه‌یه‌كی له‌ ناكاو به‌رزبوونه‌وه‌ی تۆماركرد و ئێستا 100 دۆلاری ئه‌مه‌ریكی به‌رامبه‌ر 130 هه‌زار دیناری عێراقییه‌.

جەمال کۆچەر ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق تایبەت بۆ کوردستان24 رایگەیاند "حکومەتی فیدراڵ بە پلان دەیەوێت بەهای دینار بەرامبەر دۆلار دابەزێت، تاوەکو پڕۆژە بودجەی 2021 پەسەند دەکرێت، خەڵک لەگەڵ ئەو بەها نوێیە رابێت، بەجۆرێ بەهای 100 دۆلار بە فەرمی بۆ 130 تاوەکو 145 هەزار دینار بەرزبکاتەوە، لە بازاڕەکانیش تاوەکو 150 هەزار دینار بەرزدەبێتەوە، کە بەو هەوڵەش هاووڵاتییان زەرەرمەندی سەرەکی دەبن، نرخی کاڵان و رێژەی هەڵاوسان بەرزدەبێتەوە".

گوتیشی: "زۆرینەی ئەندامانی لیژنەی دارایی لەگەڵ بەرزکردنەوەی بەهای دۆلار نین، بەڵام حکومەت سوورە لەسەر هەوڵەکانی بۆ ئەوەی کورتهێنانی دارایی پڕ بکاتەوە، بۆیە داوای کردووە یان دەستکاری یەدەگی بانکی ناوەندی و دراوی قورس بکرێت، یاخود بەهای دینار بەرامبەر دۆلار دابه‌زێنرێت".

جەمال کۆچەر ئاماژە بەوەشدەدات "حکومەتی عێراق پلانی درێژ خایەنی نییە و تەنیا بیر لە کابینەکەی خۆی دەکاتەوە، بەلایەوە گرنگ نییە چ کێشەیەک بۆ کابینەکانی داهاتوو دروست دەبێت".