بە پشتبەستن بە یەدەگی ئەوروپا ترەمپ دڵنیایی دەداتە بازاڕی نەوت
سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، پرسی ئێران بە زوویی کۆتایی دێت و روونیکردەوە ئێران لە دۆخێکی خراپدایە.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، لە لێدوانێکدا بۆ میدیاکان، پێشبینی کرد هەر کە جەنگی ئێران کۆتایی بێت، نرخی نەوت بۆ ئاستەکانی پێش جەنگ و رەنگە بۆ خوار ئەو ئاستەش دابەزێت.
سەرۆکی ئەمریکا باسی لەوەش کرد، ئەوروپا و ئەمریکا بڕێکی زۆر گازیان هەیە و بەشدارییەکی گەورە لە بازاڕی جیهانیدا دەکەن. ترەمپ گوتیشی: "پەیوەندییەکی زۆر باشمان لەگەڵ ئەوروپا هەیە و ئەوان ئامادەن بەشداری بکەن، چونکە بڕێکی زۆر گازیان هەیە و ئەمریکاش هیچ بڕیارێکی قەدەخەکردنی هەناردەکردنی گاز دەرناکات".
شەممە، ترەمپ رایگەیاند، ئەوروپا رازی بووە بڕێکی زۆر لە نەوتی گاز بخاتە بازاڕەوە.
ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا ئاشکرایکرد، سەرکردەی وڵاتانی گرووپی حەوت رێککەوتوون لەسەر ئەوەی لە ماوەی چوار مانگی داهاتوودا 100 ملیۆن بەرمیل گاز و نەوتی خاو لە یەدەگە ستراتیژییەکانیانەوە بخەنە بازاڕەکان.
بەرزبوونەوەی نرخی دیزل لەناو یەکێتی ئەوروپا، لەپاڵ زیادبوونی نیگەرانییەکان لە ئەگەری قەدەغەکردنی هەناردەکردنی گاز لەلایەن ئەمریکاوە، شەپۆلێکی داواکاریی بۆ گرتنەبەری رێوشوێنی پێویست لەناو یەکێتییەکەدا لێکەوتووەتەوە.