لە هەولێر 17یەمین پێشانگەی فۆتۆگرافی شێرزاد هیرانی کرایەوە

بەڕێوەبەرایەتی گشتیی ڕۆشنبیری و هونەری هەولێر، بە هاوبەشی بەڕێوەبەرایەتی هونەری شێوەکاری، 17یەمین پێشانگەی تایبەتی هونەرمەندی فۆتۆگرافەر "شێرزاد هیرانی" لەژێر ناونیشانی "بەسەر پەیژەی ڕەنگەکاندا" لە هەولێر کردەوە.

ئەمڕۆ دووشەممە، 19ی کانوونی دووەمی 2026، هونەرمەندی فۆتۆگرافەر شێرزاد هیرانی، دەربارەی کردنەوەی پێشانگە تایبەتەکەیدا بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند؛ ئەوە 17یەمین پێشانگای تایبەتی منە، گوڵبژێرێکە لە تابلۆکانم، 40 تابلۆی قەبارە 50 بە 75ە، فۆتۆکان تایبەتە بە سرووشتی کوردستان، من لەو پێشانگەیەدا هەوڵمداوە فۆتۆکانم نزیکبن لە شێوەکارییەوە، هەروەها گرنگی فۆتۆکان ئەوەیە کە لە تابلۆیەکەوە بچیتە سەر تابلۆیەکی تر وەکو پەیژە ڕەنگەکان دەگۆڕێت، واتە بینەر هەست بەجیاوازی تابلۆکان دەکات و کە سەیری دەکات تێی دەڕوانێت تووشی مەلەل نابێت.

شێرزاد هیرانی باس لە هونەری وێنەگرتنی سرووشت دەکات و دەڵێت: وێنەگرتنی سرووشت هونەرێکی زیندووی دونیای فۆتۆگرافییە، چونکە کە فۆتۆمانێک کە بە دەست و کامێراکەی داهێنان لە چرکاندنی دیمەنێکی سرووشتی دەکات، بەدڵنیاییەوە لەو سات و کاتەوە فۆتۆمانەکە دەبێتە وەرگێڕێکی کارامەی تابلۆکە.

ئەو فۆتۆگرافەرە ئاماژەی دا: تێڕوانین بۆ هونەرەکە ئەو ڕێچکەیە دەبڕێت و دواجار داهێنانی فۆتۆمانەکە دەبینرێت، ئەوەش هەر بۆ ئاوێنەی جوانی کامێراکە دەگەڕێتەوە، فۆتۆماتیکی جیهانی لە گوتەیەکیدا دەڵێت؛ وا لە فۆتۆمانەکان مەکە تابلۆکەت بۆ هەڵسەنگێنن، بەڵکو داهێنانەکەی لە بازاڕ دەردەکەوێت.

هونەرمەندی فۆتۆگرافەر، شێرزاد هیرانی، لە ساڵی 1970 لە  شارۆچکەی هیران لەدایک بووە، ئەندامی کۆمەڵەی وێنەگرانی عێراق و ئەندامی سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستانە، لە ڕابردوودا بۆ چەندین کەناڵ کاریکردووە، زیاتر لە 10 پێشانگەی تایبەتی کردۆتەوە و لە 21 پێشانگەی هاوبەشی لە ناوەوەی کوردستان و دەرەوە بەشداربووە، لە بواری چاپکردندا خاوەنی چەندین بەرهەمە، بە تایبەت لە بوارەکانی پەروەردە، کە سوود لە وێنەکانی ئەو وەرگیراوە.

جێگەی ئاماژەیە، ئەو پێشانگە فۆتۆگرافییە لە هەولێر لە گەلەری میدیا کرایەوە و بۆ ماوەی سێ ڕۆژ بەردەوام دەبێت.