هەسەدە: سەرەڕای رێککەوتن شەڕ لەچەند ناوچەیەک بەردەوامە
ئەمڕۆ دووشەممە، 19ـی کانوونی دووەمی 2026، سەرەڕای بوونی رێککەوتنی ئاگربەست، گرژی و ئاڵۆزییەکان لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا بەردەوامن و شەڕ لە نێوان هەسەدە و سپوای عەرەبی سووریا لە چەندین میحوەر درێژەی هەیە.
هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، لە ئێستا شەڕێکی توند لە دەورووبەری زیندانی "تەقتان" لە ئارادایە. هاوکات شەڕ و پێکدادان لە ناوچەکانی رەققە، شەدادێ و عەین عیسا بەردەوامە.
هەسەدە لە پەیامەکەیدا بەتووندی هۆشداری داوە و دەڵێت: "لایەنی هێرشکار بە بەرپرس لە هەر ئەنجام و پێشهاتێک دەزانین کە رووبدات."
لەلایەکی دیکەوە، سوپای عەرەبیی سووریا لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، هێزەکانیان لە دوو شوێنەوە ڕووبەڕووی هێرش بوونەتەوە.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکەی سوپای سووریا، لە ئەنجامی ئەو هێرشانەدا سێ سەربازیان کوژراون و دەشڵێت، رێگریی لە بڵاوەپێکردنی هێزەکانمان دەکرێت.