هەسەدە پێنج هێرشی دیمەشقیان لە باشووری کۆبانێ تێکشکاند

هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) بە هاوکاریی یەکینەکانی پاراستنی ژن (یەپەژە)، توانییان زنجیرەیەک هێرشی چڕی گروپە چەکدارەکانی سەر بە دیمەشق لە دەوروبەری شارۆچکەی سرین لە باشووری کۆبانێ تێکبشکێنن.

 ناوەندی ڕاگەیاندنی هەسەدە ئاشکرای کرد، لە دوای پێکدادانی ڕاستەوخۆ کە تا ئێستاش لە ناوچەکە بەردەوامە، زیانی یەکجار قورس بە هێرشبەران گەیشتووە.

بەپێی ئامارە فەرمییەکان کە ئەمڕۆ سێشەممە 20 کانوونی دووەمی 2026 بڵاوکراوەتەوە، لەم ڕووبەڕووبوونەوانەدا 7 ئۆتۆمبێلی سەربازیی گروپە هێرشبەرەکان بە تەواوی تێکشکێندراون و 4 زرێپۆشی دیکەشیان زیانی ڕاستەوخۆیان بەرکەوتووە و لەکار کەوتوون، هەروەها شەڕڤانانی هەسەدە و یەپەژە توانیویانە 4 فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی (درۆن) هێرشبەران لە ئاسمانی ناوچەکە بخەنە خوارەوە، ئەمەش وەک وەڵامێکی توند بۆ ئەو 5 هێرشە یەک لە دوای یەکەی کە کرایە سەر گوندەواری سرین.

ئەم پەرەسەندنە سەربازییە لە کاتێکدایە کە ناوچەکانی دەوروبەری کۆبانێ و باشووری شارەکە ڕووبەڕووی فشارێکی زۆری گروپە چەکدارەکانی سەر بە حکوومەتی دیمەشق بوونەتەوە، هەسەدە جەخت لەوە دەکاتەوە هێزەکانیان بە هەماهەنگی لەگەڵ یەکینەکانی پاراستنی ژن لەوپەڕی ئامادەباشیدان بۆ بەرپەرچدانەوەی هەر هەوڵێکی داگیرکاری و ڕایانگەیاندووە کە پاراستنی سەقامگیریی ناوچەکە و بەرپەرچدانەوەی هێرشەکان لە پێشینەی کارەکانیاندایە.

ناوچەی سرین کە دەکەوێتە باشووری شاری کۆبانێ، بەهۆی پێگە جوگرافییەکەیەوە گرنگییەکی ستراتیژیی هەیە و لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا چەندین جار بووەتە ئامانجی هێرشی میلیشیاکان، بەڵام تا ئێستا هێزەکانی سووریای دیموکرات توانیویانە هێڵەکانی بەرگری بپارێزن و ڕێگری لە هەر پێشڕەوییەکی مەیدانیی هێرشبەران بکەن.