دیمەشق هەڵاتنی 120 چەکداری داعش لە زیندانی شەدادی ڕادەگەیەنێت

داعشە هەڵاتووەکانی زیندانی شەدادی
داعشە هەڵاتووەکانی زیندانی شەدادی

وەزارەتی ناوخۆی سووریا ڕایگەیاند: نزیکەی 120 چەکداری ڕێکخراوی تیرۆریستیی داعش لە زیندانی شەدادی لە گوندەواری پارێزگای حەسەکە هەڵاتوون.

هەڵاتنی ئەو چەکدارە مەترسیدارانەی داعش بەهۆی هێرشەکانی دیمەشقەوە بووە بۆ سەر زیندانەکە کە لە ژێر کۆنترۆڵی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) دابوو، بەپێی زانیارییەکانی وەزارەتەکە، دوای تێکچوونی بارودۆخی ئەمنی، ئەو ژمارە زۆرەی تیرۆریستان توانیویانە لە زیندانەکە دەرباز بن و ڕابکەن.

بەپێی ڕاگەیەندراوێکی فەرمیی وەزارەتی ناوخۆی سووریا، کە پشتی بە زانیاریی سەرچاوە مەیدانییەکان بەستووە، ئەم ڕووداوە لە کاتێکدا ڕووی داوە کە زیندانەکە لەژێر دەسەڵاتی کارگێڕی و سەربازیی هێزەکانی سووریای دیموکرات(هەسەدە)بووە، بەهۆی ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە، بەندیخانەکە شکاوە و چەکدارانی داعش هەڵاتوون.

 دیمەشق ئاماژەی بەوە کردووە، هەڵاتنی ئەو تیرۆریستانە مەترسییەکی جددی بۆ سەر ئاسایشی نیشتمانی و سەقامگیریی ناوچەکە دروست دەکات، بەتایبەت کە ئەو چەکدارانە وەک توخمە مەترسیدارەکانی ڕێکخراوەکە هەژمار دەکرێن.

زیندانی شەدادی یەکێکە لە گرتووخانە هەرە گرنگ و پڕ لە زیندانییەکانی داعش لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا، کە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا بووە مەیدانی سەرەکیی پێکدادانەکان، پێشتر هەسەدە ڕایگەیاندبوو، بەهۆی توندیی هێرشەکان و نەبوونی پاڵپشتیی نێودەوڵەتی، کۆنترۆڵی زیندانەکەیان لەدەستداوە.

ئەم پێشهاتە مەترسیدارە هاوکاتە لەگەڵ زنجیرەیەک هێرشی دیکە بۆ سەر زیندانەکانی داعش لە ڕەققە و حەسەکە، کە بووەتە هۆی نیگەرانیی قووڵی نێودەوڵەتی لە ئەگەری دووبارە ڕێکخستنەوەی خانەکانی داعش لە ناوچەکەدا.