دۆناڵد ترەمپ: داڤۆسی ئەمجارە سەرنج راکێش دەبێت
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بۆ بەشداریکردن لە کۆڕبەندی داڤۆس بەرەو سویسرا بەڕێکەوت، پێش بەڕێککەوتنی لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، داڤۆسی ئەم جارە زۆر سەرنج راکێش دەبێت، لەگەڵ سەرکردەکانی ئەوروپا باس لە کۆنترۆڵکردنی گرینلاند دەکەین. لەلایەن ئەمریکاوە.
دۆناڵد ترەمپ ئاماژەی بەوەشکرد، ماوەی 20 ساڵە هاوپەیمانی ناتۆ دانیمارک ئاگاداردەکاتەوە لە هەڕەشەکانی رووسیا لەبارەی دوورگەی گرینلاندەوە، بەڵام ئێستا هەڕەشەکە تەنیا رووسیا نییە بەڵکو هەڕەشەی چینیشە، بەڵام دانیمارک هیچی نەکردووە و ناتوانێت بیپارێزێت.
سەرۆکی ئەمریکا باسی لەوەشکرد، من ژیانی دەیان ملیۆن کەسم رزگارکردووە لە رێگەی وەستاندنی هەشت شەڕەوە ئێستاش خەریکە شەڕی نۆیەم رادەگرین، ئێستاش سەرنجمان لەسەر گرینلاندە و دەبێت کۆنترۆڵی بکەین، ئەوروپییەکان ناتوانن بیپارێزن، 500 ساڵ پێش ئێستا هەندێک بەلەم لە گرینلاند لەنگەریان گرتووە ئەمە مانای وانییە ئەو دوورگەیە هی تۆیە، لە داڤۆس لەگەڵ سەرکردەکانی ئەوروپا ئەم پرسە تاوتوێ دەکەم، پێموایە کۆڕبەندەی ئەمجارەی داڤۆس سەرنج راکێش دەبێت.
کۆڕبەندی ئابووری لە داڤۆس بەڕێوەدەچێت و بڕیارە تاوەکو 23ـی ئەم مانگە بەردەوام بێت، کە سێ هەزار سەرکردە و بەرپرسی باڵای وڵاتان و کۆمپانیاکانی جیهان تێیدا بەشدار دەبن.