راوێژکارێکی سوودانی: جێبەجێکردنی رێککەوتنی ئاو لەگەڵ تورکیا پێویستی بە رێککەوتنی دیکە هەیە

کاریگەریی وشکەساڵی لەسەر عێراق و تورکیا گەیشتووەتە 60%

حکوومەتی عێراق رایگەیاند، جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی ئاو لەگەڵ تورکیا پێویستی بە ڕێککەوتنێکی دیکەی جیا هەیە.

تورهان موفتی، راوێژکاری سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ کاروباری ئاو، رایگەیاند، "ئەو وشکەساڵییەی کاریگەری لەسەر عێراق و تورکیا هەیە گەیشتووەتە 60%"، ئاماژەی بەوەشکرد "بارانبارین لە عێراق بەراورد بە پێشوو کەمبووەتەوە."

ئەو راوێژکارەی سوودانی گوتیشی، "ئەو رێککەوتنەی لەگەڵ تورکیا واژۆکراوە، لە بنەڕەتدا یاداشتێکی لێکتێگەیشتنە کە بریتییە لە دامەزراندنی ژێرخانی پەیوەندیدار، بەتایبەتی نۆژەنکردنەوەی دامەزراوە ئاوییەکان و زەوییە کشتوکاڵییەکان، هەروەها پرۆژەکانی دیکە کە لەلایەن دەستە جێبەجێکارییەکانی عێراقەوە پەرەی پێدراوە و لەلایەن کۆمپانیا تورکییەکانەوە بە هاوبەشی لەگەڵ عێراق جێبەجێکراون.

باسی لەوەشکرد، بۆ تەرخانکردن و دابینکردنی دارایی بۆ ئەو پرۆژانەی لە رێێکەوتنەکەدا هاتووە، سندوقێکی هاوبەشی عێراقی-تورکی دادەمزرێندرێت و داهاتەکەی لە فرۆشی نەوت وەردەگیرێت.

ڕوونیشیکردەوە، "جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکە پێویستی بە ڕێککەوتنێکی جیا هەیە دوای تەواوبوونی بڕگەکانی ڕێککەوتنی چوارچێوە، کە بریتی دەبێت لە تەرخانکردنی ئاو لەسەر بنەمای فۆرمولێک کە گەرەنتی پێویستی ئاوی عێراق دەکات."