ترەمپ: بەریتانیا بە بەخشینی دوورگەی دیێگۆ گارسیا کارێکی گەمژانە دەکات
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، رەخنەی توند لە حکوومەتی بەریتانیا دەگرێت و رێککەوتنی ئەو وڵاتە بۆ وازهێنان لە کۆمەڵە دوورگەیەکی ستراتیژی، بە لاوازییەکی تەواو وەسف دەکات.
رۆژی سێشەممە 20ی کانوونی دووەمی 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ڕایگەیاند، پلانی بەریتانیا بۆ دەستبەرداربوون لە دوورگەی "دیێگۆ گارسیا" کە سەر بە ئەرخیپێلی (کۆمەڵە دوورگەی) چاگۆسە و بەخشینی بە کۆماری مۆریشیۆس، "هەنگاوێکی تەواو لاوازانەیە" و بە "گەمژەییەکی گەورە" ناوی دەبات.
ساڵی رابردوو، بەریتانیا رێککەوتنێکی بۆ دەستبەرداربوون لە سەروەریی خۆی بەسەر ئەرخیپێلی چاگۆس بۆ بەرژەوەندی مۆریشیۆس واژۆ کرد. ئەم بڕیارەش دوای ئەوە هات کە دادوەرێک لە لەندەن لە دواساتەکاندا فەرمانێکی دادوەریی هەڵوەشاندەوە و رێگەی بۆ حکوومەت خۆشکرد ئەو رێککەوتنە واژۆ بکات، کە بە گوێرەی راگەیاندنی حکوومەتی لەندەن "بۆ پاراستنی ئاسایشی نیشتمانیی وڵات" پێویست بووە.
رێککەوتنەکە بە ملیاران دۆلار دەخەمڵێنرێت، رێگە بە بەریتانیا دەدات بۆ ماوەی 99 ساڵ بەگوێرەی گرێبەستی بەکرێگرتن، کۆنتڕۆڵی بنکە ئاسمانییە هاوبەشەکەی نێوان ئەمریکا و بەریتانیا لە دوورگەی "دیێگۆ گارسیا" بپارێزێت، کە گەورەترین دوورگەی ناوچەکەیە و خاوەن پێگەیەکی ستراتیژیی یەکجار گرنگە لە زەریای هیندیدا.
دوورگەی "دیێگۆ گارسیا" کە گەورەترین دوورگەی ناو ئەرخیپێلی چاگۆسە لە زەریای هیندیدا، بە یەکێک لە گرنگترین بنکە سەربازییەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە جیهاندا دادەنرێت. ئەم بنکەیە بە "کەشتیی فڕۆکەهەڵگری نوقم نەبوو" وەسف دەکرێت و رۆڵێکی یەکلاکەرەوەی هەبووە لە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی ئەمریکا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەفغانستان و ناوچەی کەنداو.
کێشەی ئەم دوورگانە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1965، کاتێک بەریتانیا پێش سەربەخۆبوونی مۆریشیۆس، ئەم دوورگانەی لێ جیاکردەوە. لەنێوان ساڵانی1968بۆ 1973، بەریتانیا دانیشتووانی رەسەنی دوورگەکەی بە زۆرەملێ دەرکرد بۆ ئەوەی رێگە بۆ دروستکردنی بنکەی سەربازی خۆش بکات.
ساڵانێکی زۆرە مۆریشیۆس داوای گەڕاندنەوەی سەروەریی ئەو دوورگانە دەکات و لە ساڵی 2019دا دادگای دادی نێودەوڵەتی ڕایگەیاند کە داگیرکاریی بەریتانیا بۆ ئەو دوورگانە نایاساییە. رێککەوتنە نوێیەکەی حکوومەتی ئێستای بەریتانیا (پارتی کرێکاران) بۆ ئەوەیە کۆتایی بەو ناکۆکییە یاساییە بهێنێت، بەڵام ترەمپ و کۆمارییەکان دەڵێن ئەمە دەستبەرداربوونە لە پێگەی ستراتیژیی رۆژئاوا لەبەرژەوەندی نەیارەکانیان.