ماکرۆن: ئەمریکا دەیەوێت ئەوروپا بکاتە پاشکۆی خۆی

سەرۆکی فەرەنسا لە کۆڕبەندی داڤۆسەوە هێرشێکی توند دەکاتە سەر سیاسەتەکانی ئەمریکا و ڕایدەگەیەنێت؛ واشنتن لە ڕێگەی سەپاندنی باج و فشارە ئابوورییەکانەوە ئامانجییەتی ئەوروپا لاواز بکات و بیخاتە ژێر ڕکێفی خۆیەوە، جەختیش دەکاتەوە کە کیشوەرەکەیان ملکەچی لۆژیکی هێز و چەوساندنەوە نابێت و بەرگری لە سەروەریی خۆی دەکات.

سێشەممە 20ی کانوونی دووەمی 2026، ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا لە میانی گوتارێکدا لە کۆڕبەندی ئابووری جیهانی لە داڤۆس، بە دەرکەوتنێکی جیاواز و بە چاویلکەی ڕەشەوە، هێرشی توندی کردە سەر سیاسەتەکانی ئەمریکا و داوای لە چین کرد ڕۆڵی گەورەتر لە ئابووری ئەورووپادا بگێڕێت.

ماکرۆن لە گوتارەکەیدا بە ڕاشکاوی ڕایگەیاند:کێبڕکێی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە ڕێگەی ڕێککەوتنە بازرگانییەکانەوە، زیان بە بەرژەوەندییەکانی هەناردەی ئێمە دەگەیەنێت.

گوتیشی: ئەو ڕێککەوتنانە داوای زۆرترین سازش دەکەن و بە ئاشکرا ئامانجیان لاوازکردن و پاشکۆایەتیکردنی ئەورووپایە. هەروەها کەڵەکەبوونی باج و گومرگی لەلایەن واشنتنەوە بە قبووڵنەکراو وەسف کرد.

سەرۆکی فەرەنسا ئاماژەشی دا، ئێمە پێویستمان بە زیادکردنی وەبەرهێنانی ڕاستەوخۆی بیانیی چینە لە ئەوروپا، نەک تەنیا هەناردەکردنی کاڵا بۆمان

ماکرۆن داوای کرد چین تەکنۆلۆژیاکان بگوازێتەوە بۆ ئەوروپا و بەشداری لە گەشەی ئابووری کیشوەرەکەدا بکات، لەبری ناردنی کاڵایەک کە هەندێک جار ستانداردەکانیانی تێدا نییە.

سەبارەت بە دۆخی جیهان، ماکرۆن هۆشداریدا لەوەی کە ساڵی 2024 ژمارەی پێوانەیی تۆمارکردووە بەوەی زیاتر لە 60 شەڕی تێدا بەرپابووە. ئاماژەی بەوەشدا کە جیهان بەرەو تاکڕەوی دەڕوات لەسەر حسابی دیموکراسی و ئێستا کاتی ئیمپریالیزمی نوێ و کۆلۆنیالیزمی نوێ نییە، بەڵکو کاتی هاریکارییە.

ماکرۆن ڕەتیکردەوە هیچ کۆبوونەوەیەکی G7 دیاریکرابێت بۆ تاوتوێکردنی پێشنیازەکانی دۆناڵد ترەمپ سەبارەت بە کڕینی گرینلاند و دۆسیەی ئۆکرانیا.

ماکرۆن گوتی: ئێمە ڕێزگرتنمان پێ باشترە لە چەوساندنەوە و سەروەری یاسامان لا پەسەندترە لە دڕندەیی. جەختیشی کردەوە کە ئەوروپا سازش لەسەر سەروەری خاک ناکات وەک وەڵامێک بۆ هەوڵەکانی ئەمریکا بۆ دەستگرتن بەسەر گرینلاند دا.