بەڕێوەبەری گرتووخانەی ئەقتان بۆ کوردستان24: شەڕ لە دەوروبەری گرتووخانەکە بەردەوامە
بەڕێوەبەری گرتووخانەی ئەقتان، وردەکاریی دۆخی مەترسییداری گرتووخانەکە ئاشکرا دەکات و ڕایدەگەیەنێت، بەهۆی بەردەوامیی بۆردومان بە چەکی قورس و درۆن، ژمارەیەک شەهید و برینداریان هەیە و دۆخی مرۆیی گرتووخانەکەش گەیشتووەتە ئاستێکی مەترسیدار بەجۆرێک پێداویستییە سەرەتاییەکان نەماون.
سێشەممە، 20ـی کانوونی دووەمی 2026، بەڕێوەبەری گرتووخانەی ئەقتان تایبەت بە کوردستان24ـی گوت: تاوەکوو ئێستا شەڕ و پێکدادان لە دەوروبەر و دەروازەکانی گرتووخانەکە بە چڕی بەردەوامن و هێزە هێرشبەرەکان گەمارۆی گرتووخانەکەیان داوە.
بەڕێوەبەری گرتووخانەکە ئاماژەی بەوە دا، گرتووخانەی ئەقتان ڕووبەڕووی هێرشێکی فراوان بووەتەوە و بە هەموو جۆرە چەکێکی قورس و لە ڕێگەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە (درۆن) بۆردومان دەکرێت.
سەبارەت بە زیانە گیانییەکان، ناوبراو ئاشکرای کرد، کە تاوەکو ئەم ساتە لە ڕیزەکانی هێزە ئەمنییەکانی پارێزەری گرتووخانەکە، چوار شەهید و هەشت بریندار هەن.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، بەڕێوەبەرەکە هۆشداریدا لە دۆخی مرۆیی ناو گرتووخانەکە و ڕایگەیاند: "دۆخەکە زۆر سەختە، هیچ بڕە ئاو و کارەبایەکمان نییە، هاوکات کەرەستەی فریاگوزاریی سەرەتایی و پزیشکمان لێ بڕاوە و ناتوانین چارەسەری بریندارەکان بکەین."