هەسەدە: سوپای عەرەبیی سووریا پەلاماری گوندەکانی باشووری کۆبانێ دەدات
هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) نوێترین زانیاری لە بارەی دۆخی مەیدانیی دەوروبەری کۆبانێ بڵاو دەکاتەوە و ڕایدەگەیەنێت، لەم ساتەدا لەگەڵ یەکینەکانی پاراستنی ژن (یەپەژە) سەرقاڵی وەڵامدانەوەی هێرشێکی چڕی سوپای عەرەبیی سووریاین لە چەندین میحوەرێکی باشوور و باشووری ڕۆژهەڵاتی شارەکە.
سێشەممە، 20ـی کانوونی دووەمی 2026، ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) لە ڕاگەیەنراوێکدا لە بارەی دۆخی مەیدانیی شاری کۆبانێ ڕایگەیاند: "لەم کاتەدا شەڕڤانانیان شانبەشانی یەکینەکانی پاراستنی ژن (یەپەژە)، بەرپەرچی هێرشی تووندی سوپی عەرەبیی سووریا دەدەنەوە.
بەپێی ڕاگەیەندراوەکە، هێرشەکان کراونەتە سەر گوندەکانی (حەمدوون، قوببە و جەعدە) لە باشووری شاری کۆبانێ.
هەسەدە دەڵێت: لە هێڵی (جەلەبییە)ـش لە باشووری ڕۆژهەڵاتی کۆبانێ، هێزەکانیان هەوڵێکی دیکەی پێشڕەویی هێرشبەرانیان تێکشکاندووە و بەرپەرچیان داونەتەوە.
هەسەدە جەختی کردووەتەوە، کە تاوەکوو ئامادەکردنی ئەم هەواڵە، پێکدادانەکان لەو میحوەرانە بەردەوامن.