سوودانی بۆ ئەحمەد شەرع: دەبێت مافی هەموو پێکهاتەکانی سووریا پارێزراو بێت
محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی لە ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریاوە پێگەیشت. لە پەیوەندییەکەدا دۆخی ئەمنیی ناوچەکە تاوتوێ کرا و سوودانی جەختی لە پاراستنی یەکپارچەیی خاکی سووریا و مافی سەرجەم پێکهاتەکان کردەوە، لە بەرامبەردا دیمەشق خواستی خۆی بۆ کردنەوەی دەروازە سنوورییەکان نیشان دا.
ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە، 20ـی کانوونی دووەمی 2026، نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق بڵاوی کردەوە، محەممەد شیاع سوودانی پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی لە ئەحمەد ئەشرع، سەرۆکی سووریاوە پێگەیشتووە.
بە پێی ڕاگەیەندراوەکە، لە پەیوەندییەکەدا گفتوگۆ کراوە لەبارەی پێشهاتەکانی دۆخی ئێستای سووریا و ئەو ئاڵنگارییە ئەمنییانەی ڕووبەڕووی ئەو وڵاتە بوونەتەوە.
سوودانی، پەرۆشیی عێراقی بۆ پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی سووریا دووپات کردووەتەوە و جەختی لە گرنگیی گرتنەبەری ڕێگەی "دیالۆگ و گفتوگۆ" کردووەتەوە بۆ چارەکردنی قەیرانەکان، بە جۆرێک کە "مافی تەواوی پێکهاتەکانی گەلی سووریا مسۆگەر بکات و یەکپارچەیی خاکی سووریا و سەروەریی دەوڵەت بپارێزێت."
لای خۆیەوە سەرۆکی سووریا، سووربوونی وڵاتەکەی بۆ پاراستنی ئاسایشی سنوورە هاوبەشەکانی نێوان هەردوو وڵات نیشان داوە و ستایشی هەوڵ و ڕێکارەکانی حکوومەتی عێراقی کردووە لەو بوارەدا.
هەروەها ئەحمەد ئەشرع ئاماژەی بە بەهێزکردنی هەماهەنگیی دووقۆڵیی نێوان عێراق و سووریا کردووە، بە تایبەتی لە بواری ئەمنیدا بۆ پاراستنی سنوورەکان و بەدواداچوون بۆ پاشماوەکانی چەکدارانی داعش، لەگەڵ هەماهەنگیکردن بۆ کردنەوەی دەروازە سنوورییەکانی نێوان هەردوو وڵات.