دوو تەقینەوە قامشلۆ دەهەژێنێت

بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە، لە قامشلۆی سەر بە پارێزگای حەسەکە ڕووبەڕووی هێرشی درۆن بووەوە. بەگوێرەی سەرچاوە ناوخۆییەکان لە ماوەی تەنیا 10 خولەکدا دوو تەقینەوەی بەهێز شارەکەیان هەژاندووە، ئەمەش هاوکات بووە لەگەڵ بینینی درۆنەکان لە ئاسمانی ناوچەکەدا.

سەرچاوەکان ئاماژەیان بەوە کردووە هێرشی یەکەم وێستگەی کۆنی شەمەندەفەری کردووەتە ئامانج، بە تایبەت شوێنێکی سەر بە هێزەکانی ئۆپەراسیۆنەکان بووە. هێرشی دووەمیش بنکەیەکی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی (ئاسایش) لە نزیک بازنەی عەفرین پێکاوە.

بەرپرسێکی ئەمنیی ڕایگەیاند؛ پێدەچێت درۆنەکان تورکی بن و ئەو شوێنانەیان کردووەتە ئامانج کە پێشتر لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە چۆڵکرابوون، بۆیە زیانەکان تەنیا ماددی بوون و زیانی گیانی لێنەکەوتووەتەوە.

دەستبەجێ دوای هێرشەکان، هێزە ئەمنییەکان لە شاری قامشلۆ کەوتنە حاڵەتی ئامادەباشی تەواوەوە و جموجۆڵێکی زۆر لە دەوروبەری شوێنی تەقینەوەکان بەدیکراوە بۆ کۆنتڕۆڵکردنی دۆخەکە و ڕێگریکردن لە هەر پێشهاتێکی نەخوازراو.

ئەم هێرشانە لە کاتێکدایە کە ناوچەکە گرژییەکی زۆری بەخۆیەوە بینیوە، بەتایبەت دوای پێکدادانەکانی نێوان سووپای عەرەبی سووریا و هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە).

جێی ئاماژەیە، وەزارەتی بەرگریی سووریا ڕایگەیاندبوو؛ لە ئێوارەی سێشەممەوە ئاگربەستێکی چوار ڕۆژە دەستیپێکردووە. ئەم ڕێککەوتنە نوێیە بە ئامانجی هێورکردنەوەی دۆخەکە و دەسپێکردنی گفتوگۆیە لەسەر پرسە کارگێڕی و ئەمنییەکانی حەسەکە، هەروەها چارەسەرکردنی کێشە پەیوەندیدارەکانی کەمپ و زیندانەکانی چەکدارانی داعش و خێزانەکانیان.