رەوەندی کوردی لە کەنەدا پشتیوانیان بۆ رۆژئاوای کوردستان دەربڕی

ناوەندی رەوەندی کوردستانی لە شاری کالگاری کەنەدا، بە بەشداری ژمارەیەک لە گرووپە کۆمەڵایەتییەکان، خۆپیشاندانێکی ئاشتیانەیان لە ناوەندیی شارەکە رێکخست. 

خۆپیشاندەران بە رێپێوان بەرەو کونسوڵخانەی ئەمریکا بەرێکەوتن و داوایان کرد کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەپەلە هەنگاو بنێت بۆ پاراستنی هاووڵاتیانی مەدەنی لە رۆژئاوای کوردستان.

لە چالاکییەکەدا، نامەیەکی فەرمی رادەستی کونسوڵخانەی ئەمریکا کرا. لە نامەکەدا تیشک خرابووە سەر رۆڵی مێژوویی کورد لە تێکشکاندنی داعش و هۆشداریی درابوو  هێرشی گرووپە توندڕەوەکان دەبێتە هۆی ناسەقامگیری ناوچەکە و ئەگەری راکردنی دەستگیرکراوانی داعش، کە ئەمەش مەترسییەکی جیهانییە.

رێکخەرانی خۆپیشاندانەکە ئاماژەیان بەوە کرد؛ دەنگی خۆیان گەیاندووەتە میدیاکانی کەنەدا و داوایان لە حکوومەتی کەنەدا کردووە سزای توند بەسەر ئەو لایەنانەدا بسەپێنێت کە بەرپرسن لە ئازاردانی کەمینە ئایینی و نەتەوەییەکان.

لە کۆتاییدا جەخت کرایەوە پێویستە کەنەدا و هاوپەیمانەکانی بە کردەیی لەگەڵ گەلی کورد بوەستن و یاسا نێودەوڵەتییەکان بپارێزن.