مەسرور بارزانی: پێویستە کۆتایی بە گرژی و ئاڵۆزییەکانی سووریا بهێنرێن
سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ شاندێکی شانشینی بەحرەین کۆبووەوە و دەڵێت "پێویستە کۆتایی بە گرژی و ئاڵۆزییەکانی سووریا بهێنرێن."
ئەمڕۆ چوارشەممە، 21ـی کانوونی دووەمی 2026، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە داڤۆس، لەگەڵ شاندێکی شانشینی بەحرەین کۆبووەوە، کە لە شازادە عیسا بن سەلمان ئال خەلیفە، نوێنەری شا و وەزیری دیوانی سەرۆک وەزیران، شێخ سەلمان بن خەلیفە ئال خەلیفە، وەزیری دارایی و ئابووريی نیشتمانی و عەبدوڵڵا عادل فەخرۆ، وەزیری پیشەسازی و بازرگانی پێکهاتبوو.
لە کۆبوونەوەکەدا جەخت لە پێشخستنی زیاتری پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و شانشینی بەحرەین لە هەموو بوارەکاندا کرایەوە.
دۆخی گشتیی عێراق و ئاڵۆزی و پەرەسەندنە سەربازییەکانی سووریا ، بەشێکی دیکەی گفتوگۆکان بوو. لەمبارەیەوە ئاماژە بە گرنگیی پاراستنی ئاشتی و سەقامگیری و کۆتاییهێنان بە گرژی و ڕێزگرتن لە مافەکانی گەلی کورد و پێکهاتەکانی دیکەی سووریا کرایەوە.
