زێڕ لە کڕین نایەت و نرخێکی دیکەی پێوانەیی تۆمارکرد

بەهۆی ناکۆکییەکانی ئەمریکا و ئەوروپا لەسەر کڕینی گرینلاند،  زێڕ لە بازاڕەکانی جیهان نرخێکی پێوانەیی نوێی تۆمارکرد و گەیشتە بەرزترین ئاستی مێژوویی، لە دوێنێوە نرخی هەر مسقاڵێک زێڕ لە بازاڕەکانی کوردستان 25 هەزار دینار گرانبووە.

ئەمڕۆ چوارشەممە، 21ـی کانوونی دووەمی 2026، بۆ یەکەمجار لە مێژوودا نرخی ئۆنسەیەک زێڕ گەیشتە سەرووی 4,880 دۆلار. بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ دوای ئەوە هات؛ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، سووربوونی خۆی لەسەر کڕینی گرینلاند دووپاتکردەوە.

کاتژمێر 16:00 بە کاتی هەرێمی کوردستان، نرخی هەر ئۆنسەیەک زێڕ بە 4,864 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا، تەنیا ئەمڕۆ 102 دۆلار بەرزبووەتەوە. لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان نرخی هەر مسقاڵێک زێڕی عەیارە21 بە یەک ملیۆن و 25 هەزار دینارە.

ترەمپ، دەڵێت: "ئەگەر لەسەر کڕینی گرینلاند نەگەینە رێککەوتن، لە 1ـی شوباتەوە %10ـی پێناسی گومرگی زیادە دەخەینە سەر هاوردەی چەندین وڵاتی ئەوروپا بۆ ئەمریکا، ئەگەری هەیە لە مانگی حوزەیران ئەو رێژەیە بگاتە %25".

لە بەرامبەردا، سەرۆک وەزیرانی گرینلاند، داوای لە هاووڵاتییانی  دەکات، خۆیان بۆ جوڵەیەکی سەربازی ئەگەریی ئەمریکا ئامادە بکەن، هەرچەندە ئاماژەی بەوە کردووە؛ روودانی شەڕ بە دوور دەبینێت.

جیا لە گرژییە جیۆسیاسییەکان، دابەزینی بەهای قەواڵە حکومییەکانی ژاپۆن نیگەرانییەکی زۆری لای وەبەرهێنەران دروستکردووە سەبارەت بە گەشەی ئابوورییە گەورەکانی جیهان، وەبەرهێنەران دراوەکان و قەواڵە حکومییەکان دەفرۆشن و روو لە کڕینی زێڕ دەکەن.

شارەزایانی ئابووری پێشبینی دەکەن؛ ئەگەر ئەم دۆخە بەردەوام بێت، نرخی زێڕ دەگاتە سەرووی 5 هەزار دۆلار بۆ هەر ئۆنسەیەک. بەبۆچوونی جۆن مایەر، شرۆڤەکاری کۆمپانیای "SP Angel": "وەبەرهێنەران بەردەوامن لە کڕینی ئەو هەبووە داراییانەی کە سەرمایەکانیان لە هەڵاوسان و مەترسییە سیاسییەکان دەپارێزێت".

لە سەرەتای ئەمساڵەوە نرخی زێڕ بەرزبوونەوەیەکی خێرای بەخۆیەوە بینیوە؛ لە کاتێکدا لە سەرەتای مانگی کانوونی دووەمی 2026 نرخی هەر ئۆنسەیەک زێڕ بە 4,348  دۆلار مامەڵەی پێوە دەکرا، تەنیا لە سێ هەفتەی رابردوودا زیاتر لە 500 دۆلار چۆتە سەر نرخەکەی و بە خێراترین شەپۆلی بەرزبوونەوە لە مێژووی ئەم کانزا زەردە دادەنرێت.