هەسەدە: داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکەین بەدواداچوون بۆ پێشێلکارییان بکەن

ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) ڕایگەیاند، سەرەڕای چوونە واری جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی ئاگربەست، بەڵام سوپای عەرەبیی سووریا هێرشەکانیان بۆ سەر ناوچەکانی جزیرە و کۆبانێ بەردەوام کردووە و ئافرەتێک شەهید بووە.

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکەی هەسەدە، ئاگربەستەکە لە کاتژمێر 08:00ی ئێوارەی دوێنێ سێشەممە دەستیپێکردووە، بەڵام ئەو گرووپانە سەرەڕای ئاگربەستەکە زنجیرەیەک هێرشیان ئەنجامداوە، کە وردەکارییەکەی بەم شێوەیەی خوارەوەیە:

1. کاتژمێر 08:10ی ئێوارەی دوێنێ: سوپای عەرەبیی سووریا شارۆچکەی زرگانی باکووری حەسەکەیان بە تۆپی قورس تۆپباران کرد و تۆپبارانەکە بۆ زیاتر لە کاتژمێرێک بەردەوام بوو.

2. کاتژمێر 08:20ی ئێوارە: سوپای عەرەبیی سووریا بە چەکی قورس هێرشیان کردە سەر گوندی تل بارود لەسەر ڕێگای (ئەبیەز - ئەبیەز) لە باشووری حەسەکە.

3. کاتژمێر 11:30ی پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە: سوپای عەرەبیی سووریا هێرشیان کردە سەر هێزەکانی هەسەدە لە دەوروبەری شارۆچکەی سرین، هێزەکانی هەسەدە بەرپەرچی هێرشەکەیان دایەوە و شکستیان پێ هێنا.

4. کاتژمێر 11:45ی پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ: ڕەتڵێکی سەر بە سوپای عەرەبیی سووریا لە گوندی باسل لەسەر ڕێگای (ئەبیەز - ئەبیەز) لە باشووری حەسەکە، هێرشیان کردە سەر هێزەکانی سووریای دیموکرات.

5. کاتژمێر 02:10ی پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ: سوپای عەرەبیی سووریا هێرشێکی دیکەیان کردە سەر هێزەکانی هەسەدە لە دەوروبەری شارۆچکەی سرین لە باشووری کۆبانێ، هێزەکانی هەسەدە توانییان بەرپەرچی هێرشەکە بدەنەوە.

6. کاتژمێر 02:45ی پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ: سوپای عەرەبیی سووریا بە چەکی قورس گوندی حەمدونی باشووری کۆبانێیان تۆپباران کرد، کە بەو هۆیەوە ژنێک شەهید بوو.

لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا، هێزەکانی سووریای دیموکرات جەخت لە پابەندبوونی خۆیان بە ڕێککەوتنی ئاگربەست و دوورکەوتنەوە لە گرژییەکان دەکەنەوە. هەروەها داوا لە لایەنە زامنکارەکان و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکەن بەرپرسیارێتی خۆیان هەڵبگرن و بەدواداچوون بۆ ئەم پێشێلکارییانە بکەن بۆ پاراستنی مەدەنییەکان و سەقامگیری ناوچەکە.