نەمسا: هەماهەنگیمان لەگەڵ هەرێمی کوردستان نموونەیەکی زیندووی سەرکەوتنە لە پرسی کۆچدا

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و کریستیان شتۆکەر، ڕاوێژکاری کۆماری نەمسا
مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و کریستیان شتۆکەر، ڕاوێژکاری کۆماری نەمسا

ڕاوێژکاری کۆماری نەمسا، ستایشی ڕۆڵی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەکات و وەک هاوبەشێکی کارا و جێی متمانە لە پرسی کۆچ و پاراستنی ئاسایشدا. هاوکات پابەندبوونی خۆی بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییە ئابووری و ئەمنییەکان لەگەڵ هەرێم دووپات دەکاتەوە.

کریستیان شتۆکەر، ڕاوێژکاری کۆماری نەمسا، دوای ئەوەی لەگەڵ مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە داڤۆس کۆبووەوە، پەیامێکی لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ئێکس) بڵاو کردەوە.

ڕاوێژکاری کۆماری نەمسا، جەختی لەوە کردەوە کە بۆ سەرخستنی سیاسەتێکی کاریگەریی کۆچ، بوونی هاوبەشی جێی متمانە مەرجێکی بنەڕەتییە. لەو چوارچێوەیەشدا، ئاماژەی بەوە داوە کە هەماهەنگییەکانیان لەگەڵ هەرێمی کوردستان، نموونەیەکی بەهێز و زیندووی ئەو جۆرە هاوبەشییە سەرکەوتووانەیە، بە تایبەتی لە پرسەکانی گەڕاندنەوە و وەرگرتنەوەی کۆچبەراندا.

باسی لەوەش کرد، نەمسا بە بایەخەوە دەڕوانێتە ئەو هاوکارییە بونیاتنەر و جێی متمانەیەی کە لەگەڵ حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەیەتی.

کریستیان شتۆکەر، لە بەشێکی پەیامەکەیدا سوپاس و پێزانینی تایبەتی، ئاراستەی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کرد، بۆ ئەو هاوکارییە بەرهەمدارەی کە لە نێوانیاندا هەیە.

هاوکات ڕاوێژکاری کۆماری نەمسا، پابەندبوونی تەواوی وڵاتەکەی بۆ برەودان بە هاوبەشییەکی ستراتیژی کە سێکتەرە گرنگەکانی وەک بەڕێوەبردنی کۆچ، ئاسایش و پەرەپێدانی ئابووری لەخۆ دەگرێت دووپات کردووەتەوە.