ترەمپ: نەوتی ڤەنزۆێلا دەبەین و حەماسیش لەناودەبەین
چوارشەممە، 21ی کانوونی دووەمی 2026،دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، ئەمڕۆ چوارشەممە 21ـی کانوونی دووەمی 2026، لە کۆڕبەندی ئابووری جیهانی لە داڤۆس گوتارێکی پێشکەش کرد و پەیامی توندی ئاراستەی ئەوروپا کرد، باسی لە چەکە نهێنییەکانی وڵاتەکەی کرد لە ڤەنزۆێلا، و دیدگای خۆی بۆ فراوانکردنی خاکی ئەمریکا لە ڕێگەی گرینلاندەوە خستەڕوو.
سەبارەت بە پرسی کڕینەوەی دوورگەی گرینلاند، ترەمپ هەوڵیدا نیگەرانییەکان بڕەوێنێتەوە و ڕایگەیاند کە ئەمریکا پلانی نییە هێزی سەربازی بەکاربهێنێت، هەرچەندە تواناکەی هەیە.
ترەمپ گوتی: پێدەچێت هیچمان دەست نەکەوێت مەگەر بڕیار بدەم هێزی ڕەها و زیاد لە پێویست بەکاربهێنم، کە ئەگەر وا بکەم ڕاشکاوانە دەڵێم هیچ هێزێک ناتوانێت ڕامانگرێت، بەڵام من وا ناکەم و نامەوێت هێز بەکاربهێنم.
لەگەڵ ئەوەشدا، پێداگری کرد کە ئەمریکا دەبێت ببێتە خاوەنی تەواوەتی دوورگەکە نەک تەنیا بەکرێگرتنی، و گوتی: ئەو پارچە سەهۆڵەمان دەوێت بۆ پاراستنی جیهان، ئێمە کرێچیمان ناوێت، خاوەندارێتی تەواومان دەوێت.
ترەمپ بە توندی هێرشی کردە سەر دانیمارک کە گرینلاند سەر بەو وڵاتەیە و بە ناسوپاسگوزار وەسفی کردن بەرانبەر بەو پاراستنەی ئەمریکا لە دوای جەنگی جیهانی دووەمەوە بۆی دابین کردوون.
سەبارەت بە دۆخی گشتی ئەوروپاش، ترەمپ باسی لەوە کرد: من ئەوروپام خۆشدەوێت، بەڵام بەشێکی کیشوەرەکە چیتر دانپێدانراونین و بە ئاراستەیەکی هەڵەدا دەڕوات.
هەروەها ڕەخنەی لە سیاسەتی وزەی ئەوروپا گرت، بەتایبەت ئەڵمانیا و بەکارهێنانی وزەی با، کە بە بڕوای ئەو چین دروستیان دەکات و بە پارەیەکی خەیاڵی بە خەڵکی دەفرۆشێت، بەڵام خۆیان بەکاری ناهێنن.
وەک بەڵگەیەک بۆ هێزی بێ ڕکابەری ئەمریکا، ترەمپ ئاماژەی بە ئۆپەراسیۆنێکی کورت کرد لە ڤەنزۆێلا لە دوو هەفتەی ڕابردوودا.
ترەمپ گوتی: "دوو هەفتە لەمەوبەر لە ڤەنزۆێلا چەکیان بینی کە کەس هەرگیز نەیبیستووە. سیستەمەکانیان لەکارکەوت، ویستیان تەقە بکەن بەڵام هیچ ڕووی نەدا."
ڕاشیگەیاند کە ئەمریکا دەست دەگرێت بەسەر 50 ملیۆن بەرمیل نەوتی ڤەنزوێلادا و دابەشی دەکات، و پێشبینی کرد ڤەنزۆێلا لە شەش مانگی داهاتوودا داهاتی زیاتر بێت لە 20 ساڵی ڕابردوو.
ترەمپ جەختی کردەوە کە ئەمریکا بزوێنەری ئابووری هەسارەکەیە و گوتی: مێژوو سەلماندوویەتی کاتێک ئەمریکا گەشە دەکات، هەموو جیهان گەشە دەکات، کاتێکیش ئێمە دەکەوین، ئێوەش دەکەون.
سەبارەت بە پاراستنی جیهانیش، ڕایگەیاند، بەبێ سوپای ئێمە، جیهان ڕووبەڕووی جۆرە هەڕەشەیەک دەبووەوە کە هەرگیز باوەڕتان نەدەکرد. ئێوە ئەو هەڕەشانەتان لەسەر نییە تەنیا لەبەر ئەوەی ئێمە هەین.
سەبارەت بە جەنگی ئۆکرانیا، ترەمپ ڕایگەیاند کە لەگەڵ ڤۆلۆدیمێر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا کۆدەبێتەوە و باوەڕی وایە ڤلادیمێر پوتین، سەرۆکی ڕووسیاش دەیەوێت ڕێککەوتن بکات، دووپاتیشی کردەوە کە ئەگەر هەڵبژاردنی 2020 ساختە نەکرایە، ئەم جەنگە ڕووی نەدەدا.
ترەمپ ڕایگەیاند کە ئاشتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەرقەرارە و حەماس ڕازی بووە چەکەکانی ڕادەست بکات؛ گوتیشی: حەماس ڕازی بووە دەستبەرداری چەکەکانی بێت، دەزانم ئەوان کاتێک لەدایکبوون تفەنگیان لە دەستدا بووە و ئەمە بۆ ئەوان ئاسان نییە، بەڵام دەبێت بیکەن.
هۆشداریشی دا کە لە ماوەی 2 بۆ 3 هەفتەی داهاتوودا چاودێری دەکەن، ئەگەر چەکەکانیان دانەنێن، ئەوا زۆر بە خێرایی تەفروتوونا دەکرێن.
ئاماژەی بەوەشکرد کە ئەمریکا خاوەنی 25 فڕۆکەی نوێی بۆمبهاوێژی بی-تو (B-2)ە کە باشترینن لە جیهاندا و بەبێ سوپای ئێمە، جیهان لەناودەچوو.
سەبارەت بە کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆکی ئۆکرانیا، ترەمپ گوتی، ئەمڕۆ لەگەڵ زێلێنسکی کۆدەبمەوە. باوەڕم وایە گەیشتوونەتە خاڵێک کە بتوانن ڕێککەوتن بکەن. ئەگەر ڕێککەوتن نەکەن، ئەوا هەردووکیان کارێکی خراپ دەکەن.
ترەمپ ئاشکرای کرد کە زۆرجار کێشەکە ئەوە بووە لایەک ڕازی بووە و لایەکەی تر ڕەتی کردووەتەوە، بەڵام جەختی کردەوە کە جەنگی جیهانی سێیەم ڕوونادات، ئێمە دەوەستێنین. ڕێکی بخەوە زۆر گوتی بە کار مەهێنە دەستەواژەی دیکە بەکات بهێنە