سەرۆکی حکوومەت: دڵنیایی دەدەینە وەبەرهێنەران کە پابەندی گرێبەستەکانمانین

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، جەختی کردەوە کە کلیلی سەقامگیریی سیاسی لە ناوچەکەدا، بریتییە لە بووژانەوەی ئابووری و هەرێمی کوردستانیش دەبێتە خاڵی بەیەکگەیشتنی شارستانییەکان.

چوارشەممە، 21ـی کانوونی دووەمی 2026، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە چوارچێوەی هەوڵەکان بۆ ناساندنی دەرفەتەکانی وەبەرهێنان و بەهێزکردنی پێگەی ئابووریی هەرێمی کوردستان لە ناوەندە نێودەوڵەتییەکاندا، بەشداریی لە ئێوارەخوانێکی تایبەتدا کرد کە لە لایەن شێخ باز بەرزنجی، سەرۆکی گرووپی کۆمپانیاکانی "کار" لە پەراوێزی کۆڕبەندی داڤۆس ڕێکخرابوو.

لە ئێوارەخوانەکەدا، کەسایەتییە دیارەکانی وەک بۆریس جۆنسن، سەرۆکوەزیرانی پێشووتری بەریتانیا، نەدیم زەهاوی، پەرلەمانتار و وەزیری پێشووتری بەریتانیا، ڕۆس پیرۆ، بازرگانی ناسراوی ئەمەریکی و ژمارەیەک لە وەبەرهێنەرانی کورد و بیانی ئامادە بوون. تەوەری سەرەکیی گفتوگۆکان خستنەڕووی دەرفەتەکان بوو بۆ وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان و ناوچەکە.

مەسرور بارزانی، لە گوتارێکدا تیشکی خستە سەر چاکسازییە ڕیشەییەکانی کابینەی نۆیەم و ڕایگەیاند: "گەشەپێدانی ئابووری مەرج و بنەمای سەرەکییە بۆ بەدیهێنانی سەقامگیریی سیاسی و ئەمنی."

هەروەها ئاماژەی بەوە دا کە هەرێمی کوردستان بەهۆی پێگە جیۆپۆڵەتیکە ستراتیژییەکەی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، خواستی ئەوەی هەیە ببێتە خاڵی بەیەکگەیشتنی شارستانییەتە کۆنەکان و پردێکی ئابووریی بەهێز.

سەبارەت بە کەرتی خزمەتگوزاری و وزە، سەرۆکی حکوومەت هەواڵێکی گرنگی ڕاگەیاند و بەڵێنی دا کە، تا کۆتایی ئەمساڵ، کارەبای 24 کاتژمێری لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان بۆ هاووڵاتییان دەستەبەر دەبێت.

مەسرور بارزانی، لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، باسی لە دۆسیەی نەوت و گاز کرد، بە تایبەتی لە سایەی دۆخی ئێستای عێراق کە لە قۆناغی پێکهێنانی حکوومەتی نوێی فیدراڵدایە. ئەو ڕوونی کردەوە کە پرسی وزە و بەڕێوەبردنی سامانە سروشتییەکان تەوەرێکی سەرەکیی دانوستانەکانە و جەختی لە خواستی هەرێم کردەوە بۆ برەودان بە وەبەرهێنان لەم کەرتەدا.

سەرۆکی حکوومەت، لە کۆتاییدا پەیامی دڵنیایی دایە کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان و ڕایگەیاند: هەرێمی کوردستان پابەندی تەواوی سەرجەم ڕێککەوتن و گرێبەستە واژۆکراوەکانە لەگەڵ وەبەرهێنەران و دۆستانمان.

داواشی لە کۆمپانیا جیهانییەکان کرد بەبێ دوودڵی ڕوو لە هەرێمی کوردستان بکەن و سوود لەو ژینگە لەبارە وەربگرن کە بۆ وەبەرهێنان فەراهەم کراوە.