پۆلیتیکۆ: دەبێت ئەوروپا وانەیەک لە وتارەکەی ترەمپ لە داڤۆس وەربگرێت
گۆڤاری "پۆلیتیکۆ" لەراپۆرتێکی نوێدا ئاماژە بەوە دەکات؛ پێویستە وڵاتانی ئەوروپا وانە لە وتارەکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە کۆڕبەندی داڤۆس وەربگرن.
راپۆرتەکە جەخت دەکاتەوە، کاتی ئەوە هاتووە ئەوروپا واز لە "وەهمەکانی" سەبارەت بە پەیوەندییە مێژووییەکانی لەگەڵ واشنتن بهێنێت و بە گرتنەبەری سیاسەتێکی سەربەخۆتر بەرەنگاری ئاڵێنگارییەکان ببێتەوە.
سەرچاوەیەک بە گۆڤارەکەی راگەیاندووە، وەستانەوە بەرامبەر هەڵوێستەکانی ترەمپ رەنگە ئەنجامی باشی هەبێت. هەروەها جۆرێک لە ئاسوودەیی دەردەکەوێت دوای ئەوەی ترەمپ بەکارهێنانی هێزی سەربازی بۆ کۆنترۆڵکردنی "گرینلاند" رەتکردەوە، هەرچەندە تێگەیشتنێک هەیە کە رەنگە ناوبراو لە هەر ساتێکدا هەڵوێستی خۆی بگۆڕێت.
لە لایەکی دیکەوە، سەرچاوەکان لێدوان و بەڵێنەکانی ترەمپیان بە جێی متمانە وەسف نەکردووە، بەڵام ئاماژەیان بەوە کردووە؛ تێڕوانینی خۆبەزلزانانەی ئەو سەرۆکە بۆ ئەوروپا بێ چەواشەکارییە؛ ئەمەش دەبێت ببێتە پاڵنەرێک بۆ ئەوروپییەکان تا خاوەن ئیرادەیەکی بەهێزتر بن و تێبگەن ئەمریکا وەک جاران نەماوەتەوە.
سەبارەت بە پرسی گرینلاند، ترەمپ لە داڤۆس رایگەیاندووە؛ ناتوانێت سیناریۆیەک پێشبینی بکات تێیدا ئەمریکا لەگەڵ دانیمارکی ئەندامی ناتۆ بچێتە شەڕەوە. ئاماژەی بەوەش کردووە ئێستا گفتوگۆ لەسەر رێککەوتنێکی "هەمیشەیی و درێژخایەن" سەبارەت بەو دوورگەیە لە ئارادایە، بە وتەی ئەو "بۆ ئەمریکا و تەواوی ناتۆ دەستکەوتێکی گەورە دەبێت"، بەڵام وردەکاریی مەرجەکانی بۆ کاتێکی دیکە هێشتەوە.
هاوکات، سەرۆکی ئەمریکا دڵنیایی داوە کە ئەو باجانەی هەڕەشەی سەپاندنی کردبوو بەسەر ئەو وڵاتە ئەوروپییانەی دژی ویستەکانی بوون لە گرینلاند، جێبەجێ ناکرێن.
گرینلاند خاکێکی خۆبەڕێوەبەری سەر بە شانشینی دانیمارکە و لە ساڵی 1951ەوە، رێککەوتنێکی بەرگریی لە نێوان واشنتن و کۆپنهاگن واژۆ کراوە، =بەپێی ئەو رێککەوتنە ئەمریکا پابەندە بە پاراستنی ئەو دوورگەیە لە هەر هەڕەشەیەکی سەربازی.