نەوتی ڤەنزوێلا بازاڕی وزە دەهەژێنێت

داشکان بۆ نەوتی ڤەنزوێلا دەکرێت

بازاڕی وزەی جیهانیی لەبەردەم دوو ئاراستەی جیاوازدایە، چەندین فاکتەر هەن نرخی نەوت بەرزدەکەنەوە، لەگەڵ ئەوەی هەندێک رووداو ئاماژەی دابەزینی نرخی نەوت بە بازارە جیهانییەکان دەدەن، داشکاندنی نرخی نەوتی ڤەنزوێلا بازارەکان دەهەژێنێت. 

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 22ـی کانوونی دووەمی 2026، نرخی نەوت بەرزبوونەوەی تۆمارکرد، بەشێوەیەک نرخی بەرمیلێک نەوتی خاوی برێنت گەیشتە 65 دۆلار و 30 سەنت، هاوکات نەوتی خاوی تێکساس بە 60 دۆلار و 65 سەنت مامەڵەی پێوە کرا.

ئەو بەرزبوونەوەیەی نرخی نەوت تۆماریکردووە پەیوەندی بە چەند هۆکارێکەوە هەبووە، لە دیارترینیان؛ گوتەکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بوون کە ئاماژەی ئەوەیان تێدا بوو پێناسی گومرگیی زیادە بەسەر وڵاتانی ئەوروپادا ناسەپێنێت، ئەمە لێکەوتەی لەسەر بازاڕی وزە دەبێت، چونکە هەر زیادکردنێکی باج و گومرگ خواست لەسەر نەوت کەمدەکاتەوە.

هۆکارێکی دیکەی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت بوونی کێشەیە لە دوو کێڵگەی گەورەی نەوت لە کازاخستان، چاوەڕوان دەکرێت؛ بەوهۆیەوە بۆ هەفتەیەک بەرهەمهێنانی نەوت لەو دوو کێڵگەیە رابگیرێت.

لەنێو ئەو هەموو هۆکارە بۆ بەرزبوونەوەی نرخی نەوت، چەند هۆکارێکی دیکە هەن وادەکەن لە داهاتوودا نرخی نەوت ئاراستەی دابەزین بگرێتەبەر، دیارترین هۆکار خستنەڕووی زیاتری نەوتی ڤەنزوێلایە. 

ئاژانسە جیهانییەکان بڵاویانکردەوە؛ یەکەمین کەشتی نەوتی ڤەنزوێلا لەدوای دەستبەسەرکردنی مادۆرۆ، لە بازاڕەکانی وزە فرۆشراوە، کڕیارەکەی گەورە کۆمپانیایەکی ئەمریکی بووە.

ئاماژە بەوە کراوە؛ کۆمپانیای ڤالێرۆ ئینێرجی کە یەکێکە لە گەورە کۆمپانیاکانی ئەمریکا، نەوتی یەکەمین کەشتیی ڤەنزوێلای کڕیوە.

رۆیتەرز ئەوەی ئاشکرا کردووە؛ ئەو نەوتەی ڤەنزوێلا کە بە کۆمپانیا ئەمریکییەکە فرۆشراوە، داشکاندنێکی گەورەی بۆ کراوە، بەشێوەیەک بۆ هەر بەرمیلێک 8.5 تاوەکو 9.5 دۆلار کەمتر لە نرخی نەوت هەژمار دەکرێت. 

ئەمە لەکاتێکدایە، بەهۆی سزا و گەمارۆکانی ئەمریکا لە چەند ساڵی رابردوو بەرهەمهێنان و هەناردەی نەوتی ڤەنزوێلا پاشەکشەیەکی گەورەی بەخۆیەوە بینی، بەڵام ئێستا چاوەڕوانییەکان بەو ئاراستەیەن بەزوویی ئاستی بەرهەمهێنان و هەناردەکردنی نەوت لەو وڵاتە بەرز ببێتەوە، دەرئەنجام خستنەڕووی نەوت زیاد دەبێت و نرخەکەی روو لە دابەزین دەکات.