عێراق ڕێوشوێنی یاسایی دژی دەستگیرکراوانی داعش دەستپێدەکات
ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق، ئەمڕۆ پێنجشەممە، 22ـی کانوونی دووەمی 2026، دەستپێکردنی ڕێوشوێنە یاساییەکانی بەرامبەر ئەو دەستگیرکراوانەی ڕێکخراوی تیرۆریستی "داعش" ڕاگەیاند کە لە سووریاوە ڕادەستی عێراق کراونەتەوە، دووپاتیشی کردەوە؛ سەرجەم تۆمەتباران ملکەچی دەسەڵاتی دادوەریی وڵات دەبن.
لە بەیاننامەیەکدا لەلایەن ئەنجوومەنی باڵای دادوەرییەوە بڵاوکراوەتەوەتێیدا هاتووە: "بە پشتبەستن بە بڕگەکانی دەستووری عێراق و یاساکانی سزای کارپێکراو، هەروەها لە ژێر ڕۆشنایی پێشهاتە ئەمنییەکانی ئەم دواییەی سووریا و گواستنەوەی دەستگیرکراوانی داعش لەو زیندانانەی پێشتر لەژێر دەسەڵاتی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)دا بوون، دەسەڵاتی دادوەری عێراق دەستی بە ڕێوشوێنی یاسایی دژی ئەو تۆمەتبارانە کردووە کە وەرگیراونەتەوە."
بەیاننامەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، تۆمەتباران ڕەوانەی بنکەکانی چاکسازیی گونجاو دەکرێن و پرۆسەی "بەبەڵگەنامەکردن و ئەرشیفکردنی دروستی تاوانە تیرۆریستییەکان" بە هەماهەنگی لەگەڵ سەنتەری نیشتمانی بۆ هاوکاریی دادوەری نێودەوڵەتی دەستیپێکردووە. ئەم هەنگاوە بە ئامانجی جێگیرکردنی ڕاستییەکان، بەهێزکردنی هاوکارییە نێودەوڵەتییەکان و دڵنیابوونەوە لەوەی هیچ تۆمەتبارێک لە لێپرسینەوە و سزای یاسایی ڕزگاری نەبێت، ئەنجام دەدرێت.
لە کۆتایی بەیاننامەکەدا، ئەنجوومەنی باڵای دادوەری دووپاتی کردەوە: "هەموو تۆمەتباران بەبێ گوێدانە نەتەوە و پێگەیان لەناو ڕێکخراوە تیرۆریستییەکەدا، تەنیا ملکەچی دەسەڵاتی دادوەری عێراق دەبن. ڕێکارە یاساییەکانیش بەبێ جیاوازی بەسەریاندا جێبەجێ دەکرێت، بە جۆرێک کە مافی قوربانییەکان پارێزراو بێت و پرەنسیپی سەروەریی یاسا لە عێراقدا بچەسپێنرێت."
دوێنێ چوارشەممە، سێنتکۆم دەستی کرد بە جێبەجێکردنی پلانێکی گەورە بۆ گواستنەوەی 7000 چەکداری داعش لە سووریاوە بۆ عێراق، وەک یەکەم هەنگاویش هەر دوێنێ 150 چەکداری لە حەسەکەوە گواستەوە.