وەزارەتی ناوخۆی عێراق: زیندانیەکانی داعش بەسەر سێ پارێزگادا دابەش دەکرێن
گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراق ئاشکرای دەکات، پڕۆسەی گواستنەوەی هەزاران چەکداری زیندانیکراوی داعش دەستیپێکردووە و بڕیارە بەسەر زیندانەکانی سێ پارێزگای عێراقدا دابەش بکرێن.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 22ـی کانوونی دووەمی 2026، میقداد میری، گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراق لە لێدوانێکی تایبەتدا بە کوردستان24ـی راگەیاند، پلانی گواستنەوەی زیندانیانی داعش جێبەجێ دەکرێت و بەگوێرەی پلانەکە، زیندانییەکان بەسەر زیندانەکانی (ناسریە، حللە و نەینەوا)دا دابەش دەکرێن.
سەبارەت بە ژمارە و ناسنامەی زیندانییەکان، گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆ ڕوونی کردەوە کە لە پڕۆسەکەدا هەفتانە حەوت هەزار زیندانیی داعش دەگوازرێنەوە.
ئاماژەی بەوەش دا، لەو ژمارەیە نزیکەی پێنج هەزار چەکداریان هەڵگری ڕەگەزنامەی بیانین و نزیکەی دوو هەزار زیندانییەکەی دیکەش عێراقین.
لەبارەی پارارستنی سنوورەکان میقداد میری گوتی، "بۆ بەرپەرچدانەوەی هەر هەڕەشە و ئەگەرێکی نەخوازراو، سێ هێڵی بەرگریی لەسەر سنووری سووریا جێگیرکراون؛ هێڵی یەکەم لەلایەن پاسەوانی سنوور، هێڵی دووەم لەلایەن سوپا و هێڵی سێیەمیش لەلایەن هێزەکانی حەشدی شەعبییەوە سەرپەرشتی دەکرێت."
گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆ باسی لەوەشکردبوو، هێزی پێویست و کەرەستەی سەربازیی بەش لەسەر سنوورەکان هەن و تا ئێستا هیچ پێشێلکارییەکی ئەمنیی لەو ناوچانەدا تۆمار نەکراوە.
سەبارەت بە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ هێزەکانی هەرێمی کوردستان، میقداد میری جەختی کردەوە: "لە سنووری شنگال و پارێزگای نەینەوا، هەماهەنگییەکی تەواو و بەردەوام لە نێوان هێزە ئەمنییەکانی فیدراڵ و هێزەکانی پێشمەرگەدا هەیە بۆ پاراستنی ئاسایشی ناوچەکە."