سبەی پلەکانی گەرما بەرز دەبنەوە

بەرپرسی یەکەی چاودێری ژینگە و گۆڕانی ئاو و هەوای کوردستان ڕایدەگەیەنێت، شەپۆلی بەفربارین کورتخایەن دەبێت و لە سبەی شەممەوە کەشوهەوا سەقامگیر دەبێتەوە، بەڵام لە 29ی مانگەوە شەپۆلێکی دیکەی بارانبارین هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە. هاوکات دڵنیایی دەدات کە مەترسیی وشکەساڵی نەماوە و حکوومەتیش لە پلانی دایە سیستەمێکی تایبەت بە تۆمارکردنی بوومەلەرزە دابنێت.

هەینی 23ـی کانوونی دووەمی 2026، هونەر خەیات، بەرپرسی یەکەی چاودێری ژینگە و گۆڕانی ئاو و هەوای کوردستان بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، شەپۆلی بەفربارین کورتخایەن دەبێت، بەڵام لە ناوچە شاخاوییەکان تاوەکوو درەنگانی شەو بەردەوامی دەبێت، کاریگەری شەپۆلی بەفر بارین لە باڵەکایەتی و پێنجوێن زۆر دەبێت، بەڵام لە سبەی شەممەوە قۆناغی سەقامگیری دەست پێ دەکات.

هونەر خەیات، دەشڵێت: هەروەها لە 29ی مانگەوە شەپۆلێکی باران بارین هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە، لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان بڕی باران بارین ڕوو لە زیادبوون دەکات، هیچ مەترسی وشکەساڵی لەسەر هەرێمی کوردستان نەماوە، پۆند و بەنداوەکان ئاوێکی زۆریان گلداوەتەوە، یەکەی چاودێری ژینگەمان لە زانکۆی سەڵاحەدین دامەزراندووە، تەواوی داتا و زانیارییەکان لەبارەی کەشوهەوا تۆمار دەکرێن و هەرکەسێک بیەوێت بۆ توێژینەوە و یان زانیاری دەتوانێت سوودی لێ ببینێ و کراوە دەبێت.

بەرپرسی یەکەی چاودێری ژینگە و گۆڕانی ئاو و هەوای کوردستان باسی لەوەش کرد، هەبوونی سیستەمێکی تایبەت بە تۆمارکردنی بوومەلەرزە زۆر پێویست و گرنگە، لە پلانی حکوومەت دایە و کاری لەسەر دەکات.