کۆنفیدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی: لە هێرشەکەی بەلجیکادا 6 کورد بە چەقۆ بریندار کراون و دۆخی دووانیان سەختە

کۆنفیدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی زانیاری لەسەر هێرشەکەی شاری ئەنتوێرپنی بەلجیکا بڵاو دەکاتەوە و ڕایدەگەیەنێت، هێرشەکە بە چەقۆ ئەنجامدراوە و داواش لە کوردانی تاراوگە دەکات پەنا بۆ توندوتیژی و تۆڵەسەندنەوە نەبەن.

ئەمڕۆ هەینی 23ی کانوونی دووەمی 2026، کۆنفیدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی لە ڕاگەیەندراوێکدا، بە توندی سەرکۆنەی ئەو هێرشەی کرد کە دوێنێ پێنجشەممە لە شاری ئەنتوێرپن کرایە سەر ژمارەیەک هاونیشتمانی کورد. بەپێی ڕاگەیەندراوەکە، گردبوونەوەکە بە شێوەیەکی مەدەنی بۆ پشتیوانی لە ڕۆژئاوای کوردستان ڕێکخرابوو، بەڵام لەلایەن ژمارەیەک عەرەبی سوورییەوە پەلامار دراون.

لەبارەی زیانەکانەوە، کۆنفیدراسیۆنەکە ئاشکرای کردووە: هێرشەکە بە چەقۆ ئەنجامدراوە و بووەتە هۆی برینداربوونی 6 هاونیشتمانی کورد، کە دۆخی تەندروستی دووانیان سەختە.

کۆنفیدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی پشتڕاستی کردەوە کە تا ئێستا 4 تۆمەتبار دەستگیرکراون، بەڵام داوای لە پۆلیس و دەسەڵاتدارانی بەلجیکا کردووە لێکۆڵینەوەی وردتر بکەن و ئەنجامدەران بە توندی سزا بدەن. هەروەها جەخت دەکاتەوە کە پێویستە ئاسایشی بەلجیکا پارێزگاری لە ڕەوەندی کوردستانی بکات و ڕێگری لەم جۆرە هێرشە ڕەگەزپەرستانە بگرێت.

لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکەدا، داوا لە ڕەوەندی کوردستانی کراوە هێمنی خۆیان بپارێزن و تەنیا ڕێکاری یاسایی بگرنەبەر. کۆنفیدراسیۆنەکە دەشڵێت: بیر لە تۆڵەسەندنەوە مەکەنەوە، چونکە بیری تۆڵەسەندنەوە لە کولتووری کورددا نییە و ئێمە هەمیشە پشتیوانی لە ئاشتی و ئارامی دەکەین.

لە کۆتاییدا داواکراوە کوردستانیان لە خۆپیشاندانە ئارامەکانیان بۆ گەیاندنی دەنگی مەزڵوومیەتی کورد و پشتیوانی لە ڕۆژئاوای کوردستان بەردەوام بن.