کرێملن: پوتن مەرجی بۆ ترەمپ داناوە
کۆشکی سەرۆکایەتی ڕووسیا (کرێملن) وردەکاریی کۆبوونەوەی سەرۆکی ڕووسیا و نێردراوانی دۆناڵد ترەمپ ئاشکرا دەکات و جەخت لەوە دەکاتەوە کە کشانەوەی هێزەکانی ئۆکرانیا لە ناوچەی دۆنباس، مەرجی سەرەکی مۆسکۆیە بۆ هەر ڕێککەوتنێک.
بەپێی ڕاگەیەندراوەکەی کرێملن، ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی ڕووسیا لەگەڵ ستیڤ ویتکۆف، نێردراوی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا تاوتوێی میکانیزمەکانی کۆتاییهێنان بە شەڕی ئۆکرانیای کردووە. پوتن بە ڕوونی بە شاندە ئەمەریکییەکەی ڕاگەیاندووە: کشانەوەی تەواوەتی هێزەکانی ئۆکرانیا لە ناوچەی دۆنباس، مەرجێکی پێشوەختە و سازشی لەسەر ناکرێت بۆ دەستپێکردنی هەر ڕێککەوتنێکی ئاشتی.
هەروەها دیمیتری پێسکۆڤ، گوتەبێژی کرێملن ئاماژەی بەوە داوە، لایەنەکان گفتوگۆیان لەسەر چارەنووسی سەروەت و سامانی سڕکراوی ڕووسیا کردووە. ڕوونیشی کردەوە: بابەتەکە لەژێر گفتوگۆدایە بۆ ئەوەی کەمتر لە 5 ملیار دۆلار لەو پارە سڕکراوانە بۆ ئاوەدانکردنەوە بەکاربهێنرێت.
بەپێی پێشنیازەکە، بڕی یەک ملیار دۆلار لە ڕێگەی ئەنجوومەنی ئاشتییەوە بۆ کەرتی غەززە تەرخان دەکرێت؛ هاوکات بڕەکەی دیکە بۆ ناوچە زیانلێکەوتووەکانی ئۆکرانیا خەرج دەکرێت.
هەروەها دانوستانێکی سێقۆڵی لە ئیمارات لە نێوان ئەمەریکا، ڕووسیا و ئۆکرانیا دەستیپێکردووە. شاندی ڕووسیا لەم دانوستانانەدا لەلایەن فەرماندە سەربازییەکانەوە سەرۆکایەتی دەکرێت و تێیدا سەرنج لەسەر دۆسیە ئەمنییەکان و داڕشتنی پرۆتۆکۆلی ئاشتی دەکرێت.