مانگی سووری کوردی: کۆبانێ لە بەردەم کارەساتێکی مرۆیی گەورەدایە

تیمی مانگی سووری کوردی لە شاری کۆبانێ، لە پەیامێکی بەپەلەدا بۆ ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و کۆمیسیۆنی باڵای پەنابەرانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان، هۆشداری دەدات لە ڕوودانی کارەساتێکی مرۆیی لە شارەکەدا.

هەینی، 23ـی کانوونی دووەمی 2026، تیمی مانگی سووری کوردی لە شاری کۆبانێ، بانگەوازێکی بەپەلەی ئاراستەی ڕێکخراوە مرۆییەکان و نەتەوە یەکگرتووەکان، بە دیاریکراوی بەرهەم ساڵح، کۆمیسیاری باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری پەنابەران کردووە، بۆ ئەوەی بەپەلە فریای دۆخی مرۆیی شارەکە بکەون.

تیمەکە لە ڕاگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوە دا، "ماوەی چەند ڕۆژێکە شاری کۆبانێ و گوندەکانی دەوروبەری ڕووبەڕووی هەڵمەتێکی سەربازیی دڕندانە و گەمارۆیەکی خنکێنەر بوونەتەوە کە لەلایەن سوپای عەرەبیی سووریاوە سەپێندراوە."

مانگی سووری کوردی جەختی کردووەتەوە، کە سەرەڕای ڕاگەیاندنی ئاگربەست، بەڵام گەمارۆکە هەر بەردەوامە و ئەو گرووپانە ڕێگری دەکەن لە گەیشتنی پێداویستییە سەرەتاییەکانی ژیان بۆ ناو شارەکە.

تیمی ڕێکخراوەکە دەڵێت: بڕینی ئاو، سووتەمەنی و خۆراک لە هاووڵاتییانی مەدەنی، بووەتە هۆی ئاوارەبوونی ژمارەیەکی زۆر لە خێزانەکان بۆ ناو سەنتەری شار. بەهۆی نەبوونی شوێنی مانەوەش، بەشێکی زۆری ئەو خێزانانە ناچارن لە دەرەوە و لەناو ئۆتۆمبێلەکانیاندا بخەون.

ئاماژەی بەوەش دا، سەرباری ئەمانەش، لەم دواییانەدا هێڵەکانی ئینتەرنێت و پەیوەندییکردنیش لەسەر شارەکە پچڕێندراون، کە ئەمەش دۆخەکەی زیاتر ئاڵۆز کردووە.

 

دووبارەبوونەوەی سیناریۆی داعش
تیمەکە ئاماژەی بەوە داوە: "دۆخی مرۆیی ئێستا کارەساتبارە و بیرەوەرییە بە ئازارەکانی سەردەمی گەمارۆی داعش بۆ خەڵکی کۆبانێ دەهێنێتەوە یاد."

لە کۆتایی ڕاگەیەنراوەکە، مانگی سووری کوردی داوا دەکات: "بە پەلە دەستوەردان بکرێت و بەرپرسیارێتیی مرۆیی و ئەخلاقیی بەرانبەر شاری کۆبانێ و دانیشتووانەکەی جێبەجێ بکرێن"