هەسەدە  لەبارەی رەفتارێکی نەخوازراو روونکردنەوەی دا

هەسەدە: بەها ئەخلاقییەکان هێڵی سوورن

ئەمڕۆ شەممە، 24ـی کانوونی دووەمی 2026، لە راگەیەندراوێکدا ناوەندیی راگەیاندنی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) رایگەیاند؛ سەرکردایەتیی گشتیی هێزەکانمان بە وردی چاودێری ئەو هەواڵ و وێنانەی ئەم دواییەی کرد، تێیدا شەڕڤانێک لە کاتی وێنەگرتن لە تەنیشت تەرمی چەکدارانی لایەنی بەرامبەر دەردەکەوێت؛ ئەمەش لە کاتی بەرپەرچدانەوەی هێرشێکی گرووپە چەکدارەکانی سەر بە دیمەشق بۆ سەر گوندی "خروس" لە باشووری کۆبانی.

لە سۆنگەی پابەندبوونمان بە بەها سەربازی، مرۆیی و ئەخلاقییەکان، ڕادەگەیەنین کە؛ دەستبەجێ ئەو شەڕڤانە لە ڕیزەکانی هێزەکانمان دوورخرایەوە. هەروەها  ناوبراو رەوانەی دادگای سەربازی کرا بۆ ئەوەی ڕێوشوێنی یاسایی پێویست لە بەرامبەری بگیرێتە بەر.

ناوەندیی راگەیاندنی هێزەکانی سووریای دیموکرات راشیگەیاند؛ ئێمە جەخت دەکەینەوە ئەمە رەفتارێکی تاکەکەسی و گۆشەگیرە و بە هیچ شێوەیەک گوزارشت لە پرەنسیپەکانی هێزەکانمان ناکات. هێزەکانی سووریای دیموکرات هەمیشە بە ڕێزگرتن لە پێوەرە مرۆییەکان و پاراستنی شکۆی مردووان ناسراون. دووپاتی دەکەینەوە کە پابەند دەبین بە جێبەجێکردنی ئەرکەکانمان بەگوێرەی ئەو بەها باڵایانەی کە هێزەکانمان لەسەری دامەزراون.