کۆڵۆمبیا.. تاقیگەیەکی کۆکاین تەقییەوە و 17 کەس بوونە قوربانی

لە باشووڕی رۆژئاوای کۆڵۆمبیا، بەهۆی تەقینەوەیەک لە تاقیگەیەکی نهێنیی بەرهەمهێنانی ماددە هۆشبەرەکانی جۆری 'کۆکاین' نۆ کەس گیانیان لەدەستدا و 8 کەسی دیکەش بەهۆی سووتانەوە بە سەختی بڕیندار بوون.

دەسەڵاتدارانی ناوچەکە رایانگەیاند، رووداوەکە لە ئەنجامی تەقینەوەی بوتڵێکی گاز بووە لەکاتی پرۆسەی بەرهەمهێنانی ماددە هۆشبەرەکەدا، تاقیگەکە دەکەوێتە ناوچەی هەرێمی نارینۆ، کە ناوچەیەکی سنوورییە لەگەڵ ئیکوادۆر و بە یەکێک لە ناوەندە سەرەکییەکانی بەرهەمهێنانی کۆکاین دادەنرێت و ژمارەیەک گرووپی چەکداری تێیدایە.

جۆن جایرۆ ئۆریا، بەرپرسی پۆلیسی ناوچەکە لە گرتەیەکی ڤیدیۆییدا رایگەیاندووە، "رووداوەکە رۆژی هەینی روویداوە".

قوڕبانییەکان بۆ گرووپێکی چەکدار کاریان دەکرد کە لە هێزە چەکدارە شۆڕشگێڕەکانی کۆڵۆمبیا (فاڕک) جیابوونەتەوە و دژایەتیی رێککەوتنی ئاشتی ساڵی2016 نێوان حکوومەت و ئەو رێکخراوە دەکەن، خودی گرووپە چەکدارەکەش لە بەیاننامەیەکدا دانیان بەوەدا ناوە کە بەهۆی هەڵەوە لە ماوەی چەند چرکەیەکدا ئاگر لە شوێنەکە کەوتووەتەوە و بووەت هۆی تەقینەوە..

هەرێمی نارینۆ کە هاوسنوورە لەگەڵ ئیکوادۆر، ماوەی چەندین دەیەیە وەکو ناوەندێکی سەرەکی بۆ بەرهەمهێنانی ماددە هۆشبەرەکان دەناسرێت کە دواتر ڕەوانەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەکرێن.