بابەکر زێباری: ئەو چەکدارە داعشانەی ڕادەستی عێراق دەکرێنەوە دەبێت لەسێدارە بدرێن
بابەکر زێباری، سوپاسالاری پێشووی سوپای عێراق ڕایگەیاند، ئەو چەکدارانەی داعش کە لە سووریاوە دەگوازرێنەوە بۆ عێراق، کەسانی مەترسیدارن و دەستیان بە خوێن سوورە، بۆیە پێویستە دادگایی بکرێن و سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا بسەپێنرێت.
ئەمڕۆ شەممە، 24ـی کانوونی دووەمی 2026، بابەکر زێباری، سوپاسالاری پێشووی سوپای عێراق بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، دۆخی عێراق بەراورد بە ساڵی 2014، گۆڕانکاری گەورەی بەسەردا هاتووە و مەحاڵە جارێکی دیکە خەڵک پێشوازی لە داعش بکەنەوە، چونکە ئەزموونێکی تاڵیان لەگەڵدا هەیە.
سەبارەت بە دۆخی ئەمنی سووریا، سوپاسالاری پێشووی عێراق هۆشداریدا لە مەترسی ئەو گرووپە چەکدارانەی ئێستا کۆنترۆڵی ناوچەکانیان کردووە و گوتی: "دۆخی سووریا زۆر ئاڵۆزە، کۆمەڵێک میلیشیای وەک سوڵتان موراد و حەمزات بەبێ فەرماندەیی فەرمی و بەشێوەیەکی بەڕەڵا کار دەکەن، ئەمەش مەترسی سەرهەڵدانەوەی داعش زیاتر دەکات"، جەختیشی کردەوە، مانەوەی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) وەک هێزێکی پارێزەر لە ناوچەکەدا پێویستە و نەمانیان دەبێتە هۆی کارەساتی گەورە.
لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە توانای عێراق بۆ پاراستنی ئەو زیندانیانە، زێباری دڵنیایی دا، کە حکوومەتی عێراق توانای تەواوی هەیە و زیندانی توندوتۆڵی بەردەستە و ئەزموونی پێشتریان هەیە لە پاراستنی تیرۆریستاندا.
بابەکر زێباری باسی لەوەشکرد، ئەو هەڵوێستەی کورد لە ئەمریکا و ئەوروپا و ئوسترالیا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست وەکو خۆپیشاندان و پاڵپشتییەکان، دەرفەتێکی زۆر گەورە بوو بۆ یەکگرتنی کورد و پیشاندانی هێزی کورد بۆ دەرەوە و ناوخۆ، بەڵام ڕۆیشتنی گەنجان بەشێوەی هەڕەمەکی و بەبێ مەشق و فەرماندەیی سەربازی، کارێکی هەڵەیە و زیان بە ڕێکخستنی سەربازی دەگەیەنێت