فەرماندەیەکی حەشدی شەعبی بۆ کوردستان24: هێنانی داعش بۆ عێراق هەڵەیەکی گەورەیە
فەرماندەیەکی باڵای حەشدی شەعبی رایدەگەیەنێت، هێنانەوەی زیندانییانی داعش بۆ عێراق لای ئەوان پەسەندکراو نییە و پێویستە حکوومەت بەرپرسیارێتیی ئەو "کارە هەڵەیە" لە ئەستۆ بگرێت.
ئەمڕۆ شەممە، 24ـی کانوونی دووەمی 2026، ئەبو توراب تەمیمی، فەرماندەی باڵا لە رێکخراوی بەدر، بە کوردستان24ـی گوت: "هێنانەوەی زیندانییانی داعش بۆ عێراق بە هەموو شێوەیەک رەتدەکەینەوە و سەرکۆنەی دەکەین."
ناوبراو جەختی لەوە کردەوە نابێت رێگە بە تیرۆریستان بدرێت لەژێر هیچ ناوێکدا بگەڕێندرێنەوە بۆ عێراق. تەمیمی ئەو کارەی بە "هەڵە" ناوبرد و گوتی "پێویستە حکوومەت بەرپرسیارێتییەکەی هەڵبگرێت."
سەبارەت بە دۆخی سنووری عێراق و سووریا، ئەبو توراب تەمیمی گوتی: "لیوایەکی زیادەی حەشدی شەعبی، لیوای یەک، رەوانەی ئەنبار کراوە و سنوور بە هەموو شێوەیەک پارێزراوە." ئەو فەرماندەیەی حەشد روونیکردەوە، ئەوان ماوەیەکی زۆرە پێشبینیی دۆخێکی لەو شێوەیەیان کردووە و خۆیان بۆ ئامادە کردووە.
لێدوانەکەی تەمیمی لە کاتێکدایە، فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) رایگەیاندووە، پرۆسەیەکی نوێیان بۆ گواستنەوەی دەستگیرکراوانی داعش لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریاوە بۆ عێراق دەستپێکردووە.
لە یەکەم هەنگاودا، 150 زیندانیی داعش لە حەسەکەوە گواستراونەتەوە بۆ عێراق. میقداد میری، گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراقیش، ئەو هەواڵەی پشتڕاستکردەوە و رایگەیاند، زیندانییەکان بەسەر زیندانە جیاوازەکاندا دابەش دەکرێن.
گواستنەوەی زیندانییانی داعش دوای تێکچوونی دۆخی ئەمنیی زیندانەکانی رۆژئاوای کوردستان دێت، بەتایبەت دوای ئەوەی بەهۆی هێرشەکانەوە بۆ سەر زیندانی شەدادی، ژمارەیەک چەکداری مەترسیداری داعش هەڵاتن.
حکوومەتی عێراق ئەم هەنگاوەی بە "پێشوەختە" و بۆ "پاراستنی ئاسایشی نیشتمانی" ناوبردووە و رایگەیاندووە رێکارە دادوەرییەکان لەگەڵیاندا دەستیپێکردووە. لە بەرامبەردا، ئەمریکا پێشوازیی لە بڕیارەکەی عێراق کردووە و بە هەنگاوێکی گرنگی بۆ بنبڕکردنی تیرۆر لە قەڵەمی داوە.
بەرپرسانی باڵای ئەمنیی عێراقیش دڵنیایی دەدەن، سنوورەکان بە سێ هێڵی بەرگریی توندوتۆڵکراو پارێزراون، هێڵی یەکەم لەلایەن پاسەوانی سنوور، دووەم لەلایەن سوپا و سێیەمیش لەلایەن حەشدی شەعبییەوە کۆنترۆڵ کراوە. هەروەها کامێرای چاودێریی گەرمی، درۆن، دیواری کۆنکرێتی و خەندەق بۆ پاراستنی سنوورەکان بەکاردەهێنرێن. هاوکات هەماهەنگییەکی بەردەوام لەنێوان هێزە ئەمنییەکانی حکوومەتی فیدراڵ و هێزەکانی پێشمەرگەدا هەیە.