دیمەشق وادەی ئاگربەستی درێژ کردەوە
وەزارەتی بەرگریی سووریا، درێژکردنەوەی وادەی ئاگربەستی لەگەڵ هەسەدە بۆ ماوەی 15 ڕۆژی دیکە ڕایگەیاند.
شەممە، 24ـی کانوونی دووەمی 2026، وەزارەتی بەرگریی سووریا، لە ڕاگەیەنراوێکدا ڕایگەیاند: بڕیاریان داوە وادەی ڕاگرتنی شەڕ و ئاگر بەست لە سەرجەم کەرت و میحوەرەکانی ئۆپەراسیۆنی سوپای عەرەبیی سووریادا بۆ ماوەی 15 ڕۆژی دیکە درێژ بکەنەوە.
بە پێی ڕاگەیەندراوەکەی وەزارەت، ئەم بڕیارە لە کاتژمێر 11ـی ئەمشەوەوە دەچێتە واری جێبەجێکردنەوە.
لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکەدا، وەزارەتی بەرگری هۆکاری ئەم بڕیارەی ئاشکرا کردووە و ڕوونی کردووەتەوە، کە درێژکردنەوەی ئاگربەستەکە بە مەبەستی پاڵپشتیکردن و کارئاسانییە بۆ ئەو ئۆپەراسیۆنەی هێزەکانی ئەمریکا ئەنجامی دەدەن، کە تێیدا زیندانیانی داعش لە زیندانەکانی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)ـەوە دەگوازنەوە بۆ ناو خاکی عێراق.
کاتژمێر 8ـی ئێوارەی ئەمڕۆ، ئاگربەستی چوار ڕۆژەی نێوان دیمەشق و هەسەدە بە فەرمی کۆتایی هات، وەزارەتی دەرەوەی سووریا لە ڕاگەیەنراوێکدا ڕایگەیاندبوو، تا ئێستا هیچ ڕێککەوتنێک بۆ درێژکردنەوەی ئاگربەست لەگەڵ هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) نییە.
لە بەرانبەردا، ئاژانسی رۆیتەرز دوێنێ هەینی لە زاری سەرچاوەکانی ناو هێزەکانی سووریای دیموکراتەوە بڵاوی کردبووەوە، کە ئەگەری هەیە ئەو مۆڵەتەی بۆ پێشکەشکردنی پلانی وردی تێکەڵکردنەوەی هێزەکانیان بە پێکهاتەی دەوڵەتی سووریا دیاری کراوە، درێژ بکرێتەوە.
لە لایەکی دیکەوە هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا ڕایگەیاندبوو، پێویستە ئاگربەستی ئێستا لە سووریا بەردەوام بێت، بە تایبەتی لە کاتی گواستنەوەی زیندانیانی ڕێکخراوی داعش بۆ عێراق، چونکە ئەم هەنگاوە دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی مەترسییە ئەمنییەکان.