پارێزگاری هەولێر: 16 بارهەڵگر رەوانەی رۆژئاوای کوردستان کرا

ئەمڕۆ یەکشەممە، 25ـی کانوونی دووەمی 2026، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا نوێترین کار و چالاکییەکانی کەمپینی هاوکاری بۆ رۆژئاوای کوردستانی ڕاگەیاند و ئاماژەی بە بەردەوامی پڕۆسەی کۆکردنەوە و گەیاندنی کۆمەک و هاوکارییەکان کرد.

پارێزگاری هەولێر ڕایگەیاند: "لەگەڵ دەستپێکردنی کەمپینەکە، ژووری بازرگانی و پیشەسازی هەولێر هاوکار و هەماهەنگێکی سەرەکی بوون. لەو چوارچێوەیەشدا ئەمڕۆ 16بارهەڵگر کە پێداویستی جۆراوجۆریان هەڵگرتووە، بەرەو رۆژئاوای کوردستان بەڕێکران."

ئومێد خۆشناو گوتیشی: "جگە لەو هاوکارییە ماددیانە، ژووری بازرگانی بە گوژمەی 50ملیۆن دینار بە شێوەی نەختینە (کاش) بەشدارییان لە کەمپینەکەدا کردووە و بڕە پارەکەیان رادەستی تیمە پەیوەندیدارەکان کردووە بۆ ئەوەی بگەێنرێتە شوێنی مەبەست."

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، پارێزگاری هەولێر جەختی کردەوە سەرۆک و ئەندامانی ژووری بازرگانی بەشێکی گرنگی کەمپینەکە بوون و لە پشتگیریکردنی خوشک و برایانیان لە رۆژئاوا بەردەوام دەبن. هاوکات ئاماژەی بەوەش کرد؛ تیمەکانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی ئێستا لەناو خاکی رۆژئاوای کوردستانن و سەرقاڵی گەیاندنی فریاگوزارییەکانن، کەمپینی کۆکردنەوەی هاوکارییەکانیش لە هەولێر تا گەیشتن بە ئامانجە مرۆییەکانی بەردەوامی دەبێت.