روونکردنەوەیەک لەبارەی ئەو مێردمنداڵانەی لە زیندانی ئەقتان بوون بڵاوکرایەوە

بەڕێوەبەرایەتیی زیندانەکان لە بەڕێوبەرایەتی خۆسەر روونکردنەوەیەکی سەبارەت بە بوونی ژمارەیەک مێردمنداڵ لە زیندانی "ئەقتان"ـی شاری رەققە بڵاوکردەوە و رایگەیاند، گواستنەوەی ئەو مێردمنداڵانە بەهۆی دۆخی ئەمنییەوە بووە.

بەڕێوەبەرایەتیی زیندانەکان ئەمڕۆ یەکشەممە، 25ـی کانوونی دووەمی 2026، راگەیەندراوێکی لەوبارەوە بڵاوکردەوە تێیدا هاتووە، بەشێکی تایبەت لە زیندانی ئەقتان تەرخان کراوە بۆ ئەو مێردمنداڵانەی کە دابەش دەبن بەسەر دوو بەشدا؛ بەشێکیان ئەوانەن کە لە تاوانی جۆراوجۆردا تێوەگلاون و هاووڵاتیان سکاڵای فەرمییان لەسەر تۆمار کردوون، بەشەکەی دیکەش ئەوانەن کە بوونەتە قوربانیی دەستی ڕێکخراوی تیرۆریستیی داعش و لەلایەن ئەوانەوە چەکدار کراون یان بۆ کاری دیکە بەکار هێنراون.

بەگوێرەی راگەیەندراوەکە، پرۆسەی گواستنەوەی ئەم مێردمنداڵانە لە زیندانی چاکسازیی نەوجەوانانەوە بۆ زیندانی ئەقتان، نزیکەی سێ مانگ لەمەوبەر و بەهۆی دۆخی ئەمنییەوە بووە.

لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، لە ماوەی راگرتنیاندا لە زیندانی ئەقتان، بەپێی پێوەرە نێودەوڵەتییەکان مامەڵەیان لەگەڵ کراوە، هەروەها ئاماژە بەوەشکراوە، بەرنامەی چاکسازیی گشتگیریان بۆ دابین کراوە، کە ئامانجی سەرەکی لێی چاککردنی رەفتار و ئامادەکردنەوەی دەروونی و کۆمەڵایەتیی ئەو مێردمنداڵانە بووە، تاوەکو دوای تەواوبوونی ماوەی سزاکانیان بتوانن بە شێوەیەکی تەندروست تێکەڵ بە کۆمەڵگە ببنەوە.

شەممە 24ـی کانوونی دووەمی 2026، میدیا ناوخۆییەکانی سووریا بڵاویانکردەوە،  126 مێردمنداڵ لە زیندانی ئەقتان لە رەققە، لەلایەن سوپای عەرەبی سووریاوە ئازاد کراون. ئاماژەیان بەوەشکردووە، ئەو کەسانەی ئازاد کراون تەمەنیان خوار 18 ساڵان بووە.