وەزارەتى خوێندنى باڵا زەمالەى خوێندنى ماستەر و دکتۆرا لە تورکیا ڕادەگەیەنێت
وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، دەرگای سکۆلارشیپی تورکیا (Turkiye Burslari) بۆ ساڵی 2026 دەکاتەوە؛ بەپێی ڕاگەیەندراوی وەزارەتەکە، هەلەکە بۆ سەرجەم مامۆستایان، فەرمانبەران و هاووڵاتیانی هەرێمە و وڵاتی تورکیا پاڵپشتییە داراییەکان لە ئەستۆ دەگرێت.
یەکشەممە، 25ـی کانوونی دووەمی 2026، وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بە مەبەستی پەرەپێدانی توانای زانستی و ئەکادیمی، کردنەوەی دەرگای پێشکەشکردنی بۆ زەمالەی خوێندنی وڵاتی تورکیا (Turkiye Burslari) بۆ ساڵی 2026 ڕاگەیاند، کە تایبەتە بە خوێندنی باڵا (ماستەر و دکتۆرا).
وەزارەتەکە لە ڕاگەیەنراوێکدا دەڵێت، ئەم هەلە بۆ سەرجەم مامۆستایان، فەرمانبەران و هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان فەراهەم کراوە، بە مەرجێک خوازیاران پابەندی ئەو ڕێنمایی و پێوەرانە بن کە دیاری کراون.
مەرجە بنەڕەتییەکانی پێشکەشکردن:
وەزارەت کۆمەڵێک مەرجی دیاریکردووە بۆ ئەوەی خوازیار شایستەی پێشکەشکردن بێت، کە گرنگترینیان بریتین لە:
-پێشکەشکار دەبێت هاووڵاتیی هەرێمی کوردستان بێت.
-ئەگەر پێشکەشکار دامەزراوی حکومەت بێت، دەبێت لانی کەم دوو ساڵ خزمەتی هەبێت دوای بەدەستهێنانی دواین بڕوانامەی.
-بۆ خوێندنی ماستەر: کۆنمرەی بەکالۆریۆس نابێت لە 65% کەمتر بێت.
-بۆ خوێندنی دکتۆرا: کۆنمرەی ماستەر نابێت لە 70% کەمتر بێت.
-پێویستە درێژەدان بە خوێندن لە هەمان بواری پسپۆڕیی بڕوانامەی پێشووتردا بێت (بەکالۆریۆس بۆ ماستەر، و ماستەر بۆ دکتۆرا).
-ئاستی توانستی زمانی داواکراو بەپێی بەرنامەکان دەگۆڕێت و پێویستە خوازیار وردەکارییەکان لە ماڵپەڕی زەمالەکە بخوێنێتەوە.
یارمەتییە داراییەکان و مۆڵەتی خوێندن:
وەزارەتی خوێندنی باڵا ڕوونی کردووەتەوە کە کاندیدی سەرکەوتوو لە لایەن وڵاتی تورکیاوە پاڵپشتی دارایی دەکرێت. هاوکات لەلایەن حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە مۆڵەتی خوێندنی پێ دەدرێت کە مووچەی بنەڕەتی و دەرماڵە جێگیرەکان لەخۆدەگرێت.
وادە و شێوازی پێشکەشکردن:
پرۆسەی پێشکەشکردن دەستی پێکردووە و دوایین وادە بۆ ناردنی بەڵگەنامەکان بۆ وەزارەت، ڕێکەوتی 10ـی 2ـی 2026 دەبێت.
پێشکەشکردن بە سێ قۆناغ جێبەجێ دەکرێت:
قۆناغی یەکەم: تۆمارکردن لە ڕێگەی ماڵپەڕی فەرمی زەمالەی تورکیا دەبێت.
قۆناغی دووەم: دوای وەرگرتن، کردنەوەی فایل لە ڕێگەی پۆرتاڵی وەزارەت.
قۆناغی سێیەم: ناردنی زانیارییەکان و کۆپییەک لە فۆڕمی پێشکەشکردن و دۆکیۆمێنتەکان بە یەک فایلی PDF بۆ ئیمەیڵی: ([email protected]).
تێبینییە گرنگەکان
بابەتی ئیمەیڵەکە (Subject) دەبێت بە ناونیشانی (Turkiye scholarship 2026) بنووسرێت و فایلەکە بەناوی خوازیارەوە بێت.
پێویستە کاندیدانی دامودەزگاکانی حکوومەت، "پشتگیریی شوێنی کار" هاوپێچ بکەن کە تیایدا بە ڕوونی ئاماژە بەوە کرابێت دوای تەواوکردنی خوێندن دەگەڕێنەوە سەر کارەکەیان و فەرمانگەکەیان پێویستی بەو پسپۆڕییە هەیە.
هەر کەسێک مەرجەکانی تێدا بەرجەستە نەبێت، مۆڵەتی خوێندنی پێ نادرێت.
زانیارییە داواکراوەکان بۆ ناردن بە ئیمەیڵ:
Full Name
Date of Birth
Application No.
Applied program (PhD/ Master in...)
Place of Work
Email address
Telephone No.
Copy of the application & Any submitted document via online.