یەكەمین هەنگاوی لیڤەرپوول بۆ گرێبەستكردن لەگەڵ ئالۆنسۆ

چابی ئەلۆنسۆ راهێنەری پێشووی یانەی ریال مەدرید
چابی ئەلۆنسۆ راهێنەری پێشووی یانەی ریال مەدرید

بەگوێرەی میدیایەكانی بەریتانیا، ئیدارەی لیڤەرپوول لە دۆخی هونەری ئێستای تیپەكەیان نیگەران و بێزار بووە، بەتایبەت دوای شكستە قورسەكەی یانەكە بەرامبەر بۆرنموس بەدوای شوێنگرەوەی ئارنی سلۆتی هۆڵەندی دا دەگەڕێت. ئاماژە بۆ ئەوەش كراوە لیڤەرپوول بیر لە گرێبەستكردن لەگەڵ چابی ئالۆنسۆ دەكاتەوە.
لیڤەرپوول لە دوایین یاریی لە پرێمەرلیگ بەرامبەر بۆرنموس تووشی شكست بوو، بەمەش تیپەكە نەیتوانی لە ساڵی 2026 هیچ سەركەوتنێك بەدەستبهێنێت، بەجۆرێك لە كۆی 5 یاری، 4 یەكسان و دۆڕانێكی تۆمار كردووە.
بەپێی رۆژنامەی تایمزی ئینگلیزی، ئیدارەی لیڤەرپوول پێیوایە ئارنی سلۆت ناتوانێت رێگە لە دابەزینی ئاستی یانەكە بگرێت بۆیە بڕیاریان داوە لەم هەفتەیە بڕیارێكی یەكلاكەرەوە سەبارەت بە داهاتووی راهێنەرە هۆڵەندییەكە بدەن.
لە لایەكی دیكەوە، رۆژنامەی ئاسی ئیسپانیا راپۆرتێكی بڵاوكردووەتەوە و تێیدا ئاماژەی بۆ ئەوە كردووە ئیدارەی لیڤەرپوول لە ئێستاوە دەستیان بە گفتوگۆ لەگەڵ چابی ئالۆنسۆ، راهێنەری پێشووی ریال مەدرید كردووە.
سەرچاوەكە نووسیویەتی: ئالۆنسۆ زۆر بە ئارامی چاوەڕێی هەڵبژاردنێكی باش دەكات و دەشزانێت هەمیشە دەرگاكانی ئەنفیڵد بەڕوویدا كراوەتەوە، بەوپێیەی پێشتر ئالۆنسۆ وەكو یاریزان بۆ ماوەی پێنج وەرز یاریی بۆ لیڤەرپوول كردووە.
لیڤەرپوول لە دۆخی ئێستای تیپەكە رازی نییە، بەوپێیەی لە گواستنەوەی هاوینەی رابردوو 482 ملیۆن یۆرۆی خەرج كردووە كەچی ئەنجامەكان وەكو پێویست نییە، تەنانەت تیپەكە جۆرێك لە یەكگرتوویی لەدەست داوە.
پێگەی ئاسی ئیسپانیا نووسیویەتی: ئیدارەی لیڤەرپوول ئێستا سەرقاڵی هەڵسەنگاندنی چابی ئالۆنسۆیە، تەنانەت پەیوەندی بە كەسانی نزیك و دەوروبەری راهێنەرەكە كردووە و وەڵامێكی ئەرێنی وەرگرتووە، بەمەش لیڤەرپوول تاڕادەیەك دڵنیایە لە رازیكردنی ئالۆنسۆ.