گرووپی ئەسحابولکەهف هەڕەشەی بۆردومانکردنی بەنداوی موسڵ دەکات
گرووپی چەکداری ئەسحابولکەهف، یەکێکە لە گرووپەکانی سەر بە "بەرەی مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق"، راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا هەڕەشەی توند ئاراستەی هێزە ئەمنییەکانی عێراق و هێزەکانی هاوپەیمانان دەکات.
هەینی 13ـی ئاداری 2026، گرووپی چەکداری ئەسحابولکەهف، یەکێکە لە گرووپەکانی سەر بە "بەرەی مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق"، راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە، لە راگەیندراوەکەدا گرووپەکە هەڕەشە لە هێزەکانی دژەتیرۆر (فەوجی موسڵ) دەکات و داوایان لێ دەکات هێزەکانی ئەمریکا لە بارەگای بەنداوی موسڵ دەربکەن ئەگەرنا ناوچەکە بۆردەمان دەکەن.
گرووپی چەکداری ئەسحابولکەهف بانگەشەی ئەوە دەکات لەگەڵ هێزە ئەمریکییەکاندا ئەندامانی مۆسادی ئیسرائیلی بوونیان هەیە و هەڕەشە دەکات ئەگەر ئەو هێزانە دەرنەکرێن، ئەوا بە مووشەک و درۆن ئەو شوێنە دەکەنە ئامانج.
لە بەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەدا، گرووپەکە باس لە بارودۆخی هێزە ئەوروپییەکان دەکات و دەڵێت: "بەگوێرەی زانیارییەکانی ئێمە، هێزەکانی فەرەنسا کارەکانیان هەڵپەساردووە و هەڵوێستی بەرگرییان گرتووەتە بەر و لە هەندێک شوێن کشاونەتەوە، هەروەها بانگەشەی ئەوەش دەکەن کە هێزەکانی ئیتاڵیا دەستیان بە کشانەوە لە عێراق کردووە".
لە کۆتایی راگەیەندراوەکەدا، ئەسحابولکەهف هۆشداری دەداتە سەرجەم ئەو وڵاتانەی لە ناو هاوپەیمانی نێودەوڵەتیدان و داوایان لێ دەکات بە زووترین کات سەربازەکانیان بکێشنەوە، چونکە بە گوتەی ئەوان ئەمریکا توانای پاراستنی سەربازەکانی خۆشی نییە تا بتوانێت پارێزگاری لە وڵاتانی دیکە بکات".
گرووپەکە جەختیش دەکاتەوە کە چاودێری وردی جووڵەی سەربازە بیانییەکان دەکەن لە هەموو شوێنێک و لە ئەگەری هەر جووڵەیەکی ئەو هێزانە هێرشیان دەکەنە سەر.