ترەمپ: قورسترین گورزمان لە ئێران وەشاندووە و ئامانجەکانمان بە تەواوی پێکاوە

سەرۆکی ئەمریکا رایدەگەیەنێت، کە وڵاتەکەی هێرشێکی زۆر قورسی کردووەتە سەر ئێران و سەرجەم ئامانجەکانی بە سەرکەوتوویی پێکاوە. جەختیش لەوە دەکاتەوە، کە تاران هەموو شتێکی لە دەست داوە و تا ئەو کاتەی پێویست بکات جەنگ بەردەوام دەبێت.

بەرەبەیانیی ئەمڕۆ شەممە، 14ـی ئاداری 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، بەر لەوەی بە فڕۆکەکەی گەشت بکات قسەی بۆ رۆژنامەنووسان کرد و گوتی: هێزەکانمان هێرشێکی زۆر قورس و وێرانکەریان کردووەتە سەر ئێران و توانیویانە بە شێوەیەکی زۆر باش ئامانجەکانیان بپێکن.

ترەمپ ئاماژەی بەوە کرد، کە "ئێران هەموو شتێکی لە دەست داوە" و جەختی لە هێز و توانای بێهاوتای سەربازیی وڵاتەکەی کردەوە. 

هاوکات گوتی: "ئێمە خاوەنی سوپایەکی زۆر بەهێزین کە لە خولی یەکەمی سەرۆکایەتیمدا بنیاتم ناوە؛ سوپایەک کە هیچ وڵاتێکی دیکە هاوشێوەی نییە و ئامانجی سەرەکی لە دروستکردنیشی، بەرقەرارکردنی ئاشتییە."

سەبارەت بە ماوەی خایاندنی ململانێ سەربازییەکان، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند: کە کاتی کۆتاییهاتنی جەنگەکە نادیارە، بەڵام پرۆسە سەربازییەکان تا ئەو کاتەی پێویست بکات بەردەوام دەبن و واشنتن هەموو هەنگاوێکی پێویست دەگرێتەبەر.

سەرۆکی ئەمریکا تیشکی خستە سەر جیاوازیی روانگەکان و ئاشکرای کرد، کە ئامانجەکانی ئەمریکا لەگەڵ ئامانجەکانی ئیسرائیل سەبارەت بە ئێران جیاوازن.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، دۆناڵد ترەمپ ئەو دەنگۆ و هەواڵانەی بە توندی رەت کردەوە، کە باس لە ئاساییبوون یان باشیی رەوشی ناوخۆیی ئێران دەکەن و بە "هەواڵی ناڕاست" وەسفی کردن.

ترەمپ لە کۆتاییدا دووپاتیکردەوە: "ئێران لەنێو چووە و لە دۆخێکی زۆر خراپدایە، هەرگیز لە مێژوودا رەوشی ئەم وڵاتە هێندەی ئێستا خراپ و وێران نەبووە، بۆیە سەرجەم ئەو قسانەی باس لە باشیی دۆخی تاران دەکەن، دوورن لە راستییەوە."

ئەمەش لە کاتێکدایە، بەیانیی شەممە، 28ـی شوباتی 2026، ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشی ئاسمانییان بۆ سەر ئێران دەست پێکرد و لە ئەنجامدا چەند سەرکردەیەکی وڵاتەکە کوژران.

لە بەرانبەردا ئێران هەر زوو وەڵامی ئەو هێرشانەی دایەوە و وێڕای ئاراستەکردنی ژمارەیەک مووشەک بۆ ئیسرائیل، چەندین بنکە و بارەگا سەربازییەکانی ئەمریکای لە وڵاتەکانی ناوچەکەدا کردە ئامانج.