جگە لە هەمزە عەبدولكەریم، بارسێلۆنا لە گواستنەوەی 3 بەهرەمەندی دیكە نزیكە

هەمزە عەبدولكەریمی ئەستێرەی لاوی یانەی ئەهلی میسری
هەمزە عەبدولكەریمی ئەستێرەی لاوی یانەی ئەهلی میسری

بارسێلۆنا گرێبەستەكەی هەمزە عەبدولكەریمی ئەستێرەی لاوی یانەی ئەهلی میسری یەكلایی كردەوە، ئەمەش لە كاتێكدابوو یانە كەتەلۆنییەكە لە گواستنەوەی ئەم یاریزانە تووشی زەحمەتییەكی زۆر هات و زیاتر لە دوو مانگ لەگەڵ یانەی ئەهلی میسری لە گفتوگۆدا بوو تاوەكو بەخواستن ئەو یاریزانەی گواستەوە، بەڵام لە گرێبەستەكەیدا بژاردەی كڕینەوەی تێدایە، جگە لەم یاریزانەش، بارسێلۆنا لەگەڵ 3 بەهرەمەندی دیكە لە گفتوگۆدایە.

ململانێی گواستنەوەی بەهرەمەندەكان توندتر دەبێت
لەم ساڵانەی دواییدا كێبڕكێی گواستنەوەی یاریزانی بەهرەمەند و بچووك لە نێو یانە گەورەكانی ئەورووپا زیاتر پەرەی سەندووە، بەتایبەتی لە جامی جیهانی خوار 17 ساڵانی قەتەر و جامی جیهانی خوار 20 ساڵانی چیللی دەرفەتێكی زۆر بۆ یانەكانی ئەورووپا رەخساند كە چاودێری بەهرەمەندەكانی جیهان بكەن و هەوڵی گواستنەوەیان بدەن.
فابریزیۆ رۆمانۆ، رایگەیاندووە بارسێلۆنا دوای یەكلاییكردنەوەی گرێبەستی هەمزە عەبدولكەریم، هەوڵەكانی بۆ گواستنەوەی 3 بەهرەمەندی دیكە خستووەتە گەڕ و یانەكە سیاسەتەكەی گۆڕیوە و دەیەوێت وەبەرهێنان لە یاریزانانی تەمەن بچووك بكات و بیانگوازێتەوە.


3 بەهرەمەندەكەی داهاتووی بارسێلۆنا  
ئاجای تاڤارێسی ئینگلیزی تەمەن 16 ساڵ، یاریزانی ئەکادیمیای نۆرویچ سیتییە، یاریزانێكی لێهاتووە و دەتوانێت وەكو هێرشبەر و لە باڵەكانیش كاریگەری گەورە دروست بكات، خاڵی بەهێزی ئەو یاریزانە یاریكردنە سەرنجراكێشەكەیەتی لە باڵی چەپ، جگە لەوەش بە پێی راستە زۆر مەترسیدارە، تەنانەت تاڤارێس دەتوانێت وەک هێرشبەری ناوەڕاستیش یاری بکات، سەرەڕای ئەوەی تەمەنی بچووكە، بەڵام جەستەیەکی بەهێزی هەیە.
تاڤارێس بە رەسەن پۆرتوگالییە، بەڵام هەڵگری رەگەزنامەی بەریتانیایە و خاوەنی پاسپۆرتێکی ئەوروپییە، بۆیە یاسای ئیسپانیا ڕێگەی پێدەدات ڕاستەوخۆ پەیوەندی بە ئەکادیمیای لا ماسیا بکات بەبێ ئەوەی چاوەڕێ بکات تا تەمەنی دەبێتە 18 ساڵ.

لە لایەكی دیكەیشەوە، گوینسلی ئۆرنشتاین، بەهرەمەندێكی هۆڵەندییە و لە هێڵی بەرگری یاریی دەكات و تەمەنی 17 ساڵە و یەكێكی دیكەیە لە ئامانجەكانی بارسێلۆنا. 
پاتریچیۆ پاسیفیکۆی ئۆرۆگوای تەمەن 19 ساڵە و لە بەرگری چەپ یاریی بۆ یانەی بۆ دیفێنسۆر سپۆرتینگی ئۆروگوایی دەكات.
بارسێلۆنا بەردەوامە لە پشتبەستن بە سیاسەتی گواستنەوەی بەهرەمەندەكان، چونكە كەمترین تێچووی دارایی پێویستە بە بەراوردی ئەستێرە ئامادەكراوەكان، ئەمەش دەبێتە دەرفەتێك بۆ ئەوەی خۆی لەگەڵ ئەم قەیرانە ئابورییە بگونجێنێت كە ئێستا یانەكە بە دۆخێكی سەخت دا تێپەڕ دەبێت.