هاوسەرۆکی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر: کۆبانێ گەمارۆ دراوە
هاوسەرۆکی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر لە کۆبانێ رایگەیاند، مەترسی لەسەر ژیانی خەڵکی کۆبانێ هەیە و مزگەوت و قوتابخانەکان پڕن لە خەڵکی ئاوارە.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 25ـی کانوونی دووەمی 2026، فەرحان حاجی عیسا، هاوسەرۆکی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر لە کۆبانێ بە کوردستان24ـی راگەیاند: کۆبانێ گەمارۆدراوە و هێزەکانی سەربە دیمەشق لە باشووری کۆبانێ ئاگربەستیان شکاندووە، بەڵام با هەموو لایەک باش بزانن و دڵنیایی دەدەینە هەموو کوردێک تاوەکوو قەترەیەک خوێن لە گیانی ئێمە دا بمێنێت ئێمە لێرە دەمینێین و بەرگریی دەکەین، بەشێک لە هاوکارییەکان گەیشتووەنەتە نێو کۆبانێ، مەترسی لەسەر ژیانی خەڵکی کۆبانێ هەیە.
فەرحان حاجی عیسا: مزگەوت و قوتابخانەکانی کۆبانێ پڕن لە خەڵکی ئاوارە، قسە و کرداری دیمەشق یەکناگرتەوە.
کۆبانێ و دەوروبەری ماوەیەکە لەلایەن هێزەکانی حکوومەتی سووریا و گرووپە چەکدارەکانی سەر بەو حکوومەتەوە گەمارۆ دراون، ئەمەش دوای پاشەکشەی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) لە چەند ناوچەیەک و تێکچوونی دانوستانەکان هات. گەمارۆکە بووەتە هۆی پچڕانی خزمەتگوزارییە سەرەکییەکان وەک ئاو، کارەبا، ئینتەرنێت و هێڵەکانی پەیوەندی.
رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ، لەوانەش رێکخراوی چاودێریی مافی مرۆڤ لە سووریا، هۆشداریی داوە لە "کارەساتێکی مرۆیی گەورە" و رایگەیاندووە، دانیشتووانی شارەکە رووبەڕووی کەمیی توندی خۆراک، دەرمان و شیری منداڵان بوونەتەوە. ئەم دۆخە لەکاتێکدایە شەپۆلێکی سەرما و بەفربارینێکی "بێوێنە" ناوچەکەی گرتووەتەوە، دیارە لە 50 ساڵی رابردوودا بەفری وا نەباریوە.
کۆبوونەوەی ئاوارەیەکی زۆر لە گوندەکانی دەوروبەرەوە لەنێو شاری کۆبانێ، قەیرانەکەی قووڵتر کردووەتەوە. هەوڵە دیپلۆماسییەکان بۆ گەیشتن بە ئاگربەستێکی هەمیشەیی و کردنەوەی رێڕەوی مرۆیی بەردەوامن، بەڵام دۆخەکە هێشتا ناسەقامگیرە و مەترسییەکان لە ئارادان. رێکخراوە خێرخوازییەکانی وەک دەزگای خێرخوازیی بارزانی، هەڵمەتی کۆکردنەوەی هاوکارییان دەستپێکردووە و چاوەڕێی رەخساندنی دەرفەتن بۆ گەیاندنی هاوکارییەکان بە خەڵکی کۆبانێ.