هەسەدە: سوپای عەرەبیی سووریا جارێکی دیکە ئاگربەستی پێشێل کرد
ناوەندیی ڕاگەیاندنی هێزەکانی سووریای دیموکرات ڕایگەیاند: سوپای عەرەبیی سووریا، بە بەکارهێنانی سێ فرۆكەی بێفڕۆکەوان، گوندێکی سەر بە شاری کەرکی لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی وڵاتەکە بۆردومان کرد.
یەکشەممە، 25ـی کانوونی دووەمی 2026، ناوەندیی ڕاگەیاندنی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)، لە ڕاگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوە دا، لە چوارچێوەی زنجیرەیەک پێشێلکاریی بەردەوام و ئاشکرا بۆ ڕێککەوتنی ئاگربەست، سوپای عەرەبیی سووریا هێرشێکی نوێی کردە سەر ناوچەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا.
بە گوێرەی ڕاگەیەنراوەکە، هێرشەکە کراوەتە سەر گوندی قەریی سەر بە شاری کەرکی، لە هێرشەکەدا سوپای عەرەبیی سووریا سێ فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی خۆکوژی بەکار هێناوە.
سەرچاوە خۆجێییەکان پشتڕاستیان کردووەتەوە، کە خۆشبەختانە هێرشەکە هیچ زیانێکی گیانیی لێنەکەوتووەتەوە و تەنیا بووەتە هۆی زیانی ماددی بۆ ناوچەکە، هەروەها ئەم هێرشە بە پێشهاتێکی مەترسیدار و پابەندنەبوون بە بڕگەکانی ئاگربەست لە ناوچەکەدا دادەنرێت.
شەممە، 24ـی کانوونی دووەمی 2026، وەزارەتی بەرگریی سووریا، ڕاگرتنی شەڕ و ئاگر بەست لە سەرجەم کەرت و میحوەرەکانی ئۆپەراسیۆنی سوپای عەرەبیی سووریادا بۆ ماوەی 15 ڕۆژی دیکە درێژ کردەوە.
وەزارەتەکە هۆکاری ئەم بڕیارەی ئاشکرا کردبوو و ڕوونی کردبووەوە، کە درێژکردنەوەی ئاگربەستەکە بە مەبەستی پاڵپشتیکردن و کارئاسانییە بۆ ئەو ئۆپەراسیۆنەی هێزەکانی ئەمریکا ئەنجامی دەدەن، کە تێیدا زیندانیانی داعش لە زیندانەکانی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)ـەوە دەگوازنەوە بۆ ناو خاکی عێراق.