ئەمەریکا و ئیسرائیل قۆناغی دووەمی پلانی غەززە تاوتوێ دەکەن
شاندێکی باڵای کۆشکی سپی لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل کۆبووەوە، هەردوولا تاوتوێی پلانە 20 خاڵییەکەی ترەمپیان بۆ غەززە کرد، هاوکات هاوڕابوون لەسەر بەردەوامیدان بە هەماهەنگییە هاوبەشەکان
شاندێکی باڵای ئەمەریکا، کە پێکهاتبوون لە ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی ترەمپ بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، جارێد کۆشنەر، ڕاوێژکاری ترەمپ و چەند بەرپرسێکی دیکە لەگەڵ بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل کۆبوونەوە.
ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی ترەمپ بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ئێکس) نووسیویەتی: تەوەری سەرەکیی گفتوگۆکان بریتی بوو لە بەدواداچوون بۆ بەرەوپێشچوونەکان و دانانی پلانی جێبەجێکردن بۆ قۆناغی دووەمی "پلانە 20 خاڵییەکەی ترەمپ بۆ غەززە"، کە ئەمەریکا و ئیسرائیل لە چوارچێوەی هاوبەشییەکی نزیک و بەهێزدا کار بۆ سەرخستنی دەکەن.
ویتکۆف دەڵێت: لە کۆبوونەوەکەدا جەخت لەوە کرایەوە کە ئەمەریکا و ئیسرائیل خاوەنی پەیوەندییەکی بەهێز و دێرینن، کە لەسەر بنەمای هەماهەنگیی ورد و پێشینە هاوبەشەکان بونیات نراوە.
نێردەی تایبەتی ترەمپ بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئاماکەی بەوە کرد، "کەشی گفتوگۆکان "بونیاتنەر و ئەرێنی" بووە و هەردوولامان لەسەر هەنگاوەکانی داهاتوو هاوڕا بووین، هەروەها جەختمان لەسەر گرنگیی بەردەوامیی هاریکارییەکان لە سەرجەم ئەو پرسە هەستیارانە کردەوە کە پەیوەستن بە ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکەوە."