دەستەی پەروەردەی رۆژئاوا: سنوورە دەستکردەکان ناتوانن لە یەکمان بکەنەوە؛ سوپاسی هەرێمی کوردستان دەکەین

دەستەی پەروەردە و فێرکردنی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر لە ڕۆژئاوای کوردستان، پێشوازی لە بڕیارەکەی وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستان دەکات بۆ تەرخانکردنی یەکەم وانەی خوێندن بۆ پشتیوانی ڕۆژئاوا و ڕایدەگەیەنێت: چارەنووسمان یەکە.

یەکشەممە 25ـی کانوونی دووەمی 2026، دەستەی پەروەردە و فێرکردنی ڕۆژئاوا لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژەی داوە، بڕیارەکەی وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ تەرخانکردنی وانەی یەکەمی ئەمڕۆ لە سەرجەم قوتابخانەکان بۆ پشتیوانی گەلی کورد لە ڕۆژئاوا، بەرز دەنرخێنن و بە بڕیارێکی پیرۆز و مێژوویی وەسفی دەکەن.

دەشڵێت: ئێمە دووپاتی دەکەینەوە کە چارەنووسمان یەکە و سنوورە دەستکردەکان هەرگیز ناتوانن لێکمان داببڕن.

سەبارەت بە دۆخی خوێندن لە ڕۆژئاوا، لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: لە کاتێکدا دڵی قوتابییانی هەرێمی کوردستان لە پۆلەکانەوە بۆ ئێمە لێدەدات، قوتابخانەکانی ئێمە بوونەتە پەناگە. ئاماژەیان بەوەش کردووە، بڕیار بوو ئەمڕۆ یەکەم ڕۆژی وەرزی دووەمی خوێندن بێت، بەڵام بەهۆی شەڕ و هێرشەکانەوە لە جەزیرە و کۆبانێ پرۆسەی خوێندن وەستاوە و قوتابخانەکان بوونەتە کامپی ئاوارەکان و قوتابییان لە خوێندن بێبەش بوون.

دەستەی پەروەردەی ڕۆژئاوا سوپاسی خەڵک و دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستانی کردووە و شەڕی قڕکردنی سەر ناوچەکەیانی ئیدانە کردووە.

ڕۆژی شەممە 24ـی کانوونی دووەمی 2026، وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان راگەیەندراوێکی بڵاوکردووەتەوە و تێیدا هاتبوو، یەکشەممە 25ـی کانوونی دووەمی 2026،  لەسەرجەم ناوەندەکانی خوێندنی حکوومی و ناحکوومی ، وانەی یەکەم تەرخان بکەن بۆ وتنەوەی وانەیەکی تایبەت بە پشگیری ڕۆژئاوای کوردستان، هەر مامۆستایەک لە پۆلەکەی خۆیدا بەتایبەتیش جەخت بکاتەوە لە خۆشەویستی نیشتیمان و مافی رەوای خەڵکی کوردستان لە ئازادی، هەروەها ئاشتی و پێکەوە ژیانین بەڵام دژ بەهەر کردەوەیەکین کە ببێتە مایەی ستەم لەگەلەکەمان و هەرکات بگاتە هێرش لەسەر وجودمان وەک کورد هەموومان یەکین .