هەڵمەتی کەزی عەنکاوە بۆ هاوکاریکردنی ڕۆژئاوای کوردستان دەست پێدەکات

لە سۆنگەی هەستی نیشتمانی و برایەتی و وەک بەرجەستەکردنی پەیامی مرۆڤایەتی، ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی لە شاری عەنکاوە هەڵمەتێکی فراوانیان بە ناونیشانی (کەزی عەنکاوە) بۆ کۆکردنەوەی هاوکاری و پشتیوانی بۆ هاونیشتمانیان لە ڕۆژئاوای کوردستان ڕاگەیاند.

 ئەم هەڵمەتە وەک دەربڕینی هاوسۆزییە بۆ ئەو خوشک و برایانەی لە دۆخێکی سەختدا دەژین و شاری عەنکاوەش هەمیشە بە هەڵوێستە مرۆییەکانی خەڵکەکەی لە هەموو قۆناغەکانی مێژوودا ناسراوە.

پێداویستییە داواکراوەکان بۆ بەخشین لەم هەڵمەتەدا بریتین لە کەرەستەی خۆراک، پۆشاک و جلوبەرگ، پێداویستییە سەرەکییەکانی ناوماڵ، بەتانی، ڕاخەر و فەرش، دایبی منداڵ و هەروەها کۆمەکی دارایی بە شێوەی نەختینە.

بۆ وەرگرتنی هاوکارییە خۆراکی و کەرەستەییەکان چەند ناوەندێک دەستنیشانکراون کە بریتین لە، کۆمەڵەی کشتوکاڵیی مار عودا لە عەنکاوەی کۆن، یانەی لاوانی عەنکاوەی کۆمەڵایەتی بەرامبەر بنکەی تەندروستی شەهید حەبیب مالح، کۆڕبەندی خانەنشینانی خێزانی لە گەڕەکی ئاشتی، کۆمەڵەی ڕۆشنبیری مەندائی لە گەڕەکی 108 بەرامبەر بەڕێوەبەرایەتی ئاسایش، هەروەها بۆ وەرگرتنی کۆمەکی دارایی و نەختینە دەستەی کارگێڕیی یانەی مامۆستایانی خێزانی لە تەلارەکەی بەرامبەر کەنیسەی مار یوسف دیاریکراوە.

ماوەی هەڵمەتەکە لە ڕۆژی دووشەممە 26ـی کانوونی دووەمی 2026 دەستپێدەکات و تاوەکو ڕۆژی دووشەممە 2ـی شوباتی 2026 بەردەوام دەبێت، هاونیشتمانیان دەتوانن ڕۆژانە لە کاتژمێر 3ـی دوانیوەڕۆ تاوەکو کاتژمێر 8ـی شەو هاوکارییەکانیان بگەیەننە ناوەندەکان، ئەم بەخشینانە وەک نیشانەی خۆشەویستی و هاوپشتییەکی زیندوو دەبینرێن و عەنکاوە هەمیشە وەک پردی ئومێد بۆ هەموو لێقەوماوێک دەمێنێتەوە.