کین شۆکلی بۆ کوردستان24: پێویستە ئەمریکا و جیهان رێگری لە جینۆسایدی کورد بکەن

کین شۆکلی، راوێژکاری پێشووتری وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە هەڤپەیڤینێکی تایبەتدا لەگەڵ "کوردستان24" رایگەیاند، دۆخی ئێستای سووریا زۆر ئاڵۆزە و مەترسییەکی جیددی لەسەر گەلی کورد هەیە. هەروەها نیگەرانی خۆی دەربڕی و هۆشداریی دا لەوەی ئەگەری هەیە، کوردیش وەک ئەرمەن و ئاشوورییەکان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، رووبەڕووی جینۆساید ببێتەوە.

لەبارەی هەنگاوەکانی واشنتن بۆ داهاتووی سووریا، کین شۆکلی ئاشکرای کرد کە کۆمەڵێک سیناتۆر لە ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریکا بە سەرۆکایەتی لینزی گراهام، بەردەوامن و لە هەوڵی داڕشتنی پلانن بۆ پاراستنی خەڵکی کوردستان. گوتیشی: "ئێمە لە عێراق و سووریا شەڕمان کردووە، بۆیە پێویستە پلان و وەڵاممان هەبێت."

ئاماژەی بەوەش کرد کە کۆنگرێس دەتوانێت سزای دارایی توند بەسەر سووریادا بسەپێنێت، چونکە حکوومەتی ئێستای ئەو وڵاتە لە قۆناغی بونیادنانەوەدایە و پێویستیی زۆری بە دۆلار هەیە، بۆیە گوشاری ئابووری کاریگەریی گەورەی دەبێت.

ئەو راوێژکارەی پێشووتری وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا پێشبینی دەکات، پرۆژەی پاراستنی کورد و سزادانی سووریا دەنگی کۆنگرێس کۆبکاتەوە، چونکە بابەتەکە مرۆییە و پەیوەندی بە بەرژەوەندییەکانی ئەمریکاوە هەیە.

 باسی لەوەش کرد کە لینزی گراهام هاوڕێیەکی نزیکی تره‌مپە و دەتوانێت کاریگەریی هەبێت لەسەر بڕیارەکانی سەرۆک بۆ بەکارهێنانی گوشاری دارایی لە پێناو پاراستنی کورد.
شۆکلی هۆشداریی دا لە دووبارە سەرهەڵدانەوەی داعش و رایگەیاند، هەڵاتنی زیندانییەکانی داعش تەنیا مەترسی نییە بۆ سەر ناوچەکە، بەڵکو هەڕەشەیە بۆ سەر جیهان بە گشتی، چونکە تیرۆر هەناردەی دەرەوە دەکرێت و کاریگەریی لەسەر غەززە، لوبنان و تەواوی سووریاش دەبێت.
لە کۆتایی قسەکانیدا، کین شۆکلی گومانی خۆی لە بەرانبەر لێدوانەکانی ئەحمەد شەرع نیشان دا و گوتی: "ئەو قسانەی شەرع لەبارەی رێزگرتن لە زمان و هاووڵاتییانی کورد کردوویەتی، تەنیا لەژێر گوشاری ئەمریکادا بووە."

شۆکلی داوای کرد ئەمریکا بەردەوام بێت لە فشارەکانی و جەختی کردەوە کە بە هیچ جۆرێک نابێت متمانە بەو گرووپانە بکرێت کە لەژێر فەرمانی ئەحمەد دان.